دەزگای ئاسایشی نەرویژ PST ڕایگەیاند نەجمەدین فەرەج ئەحمەد ناسراو بە مەلا کرێکار دەستگیرکراوە لەسەر داوای دادوەری ئیتالیا بە تۆمەتی پـلان دانان بۆ کاری تێرۆرستی.
دەزگاکە ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" دەزگای PST بە یارمەتی پـۆلیسی ناوچەی ئۆسلۆ، شەوی دووشەممە مەلا کرێکاریان دەستگیرکرد لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی وە بڕیاری دەستگیرکردنەکە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیتالیاوە دراوە."
PST, med bistand fra Oslo PD, pågrep mandag kveld Mullah Krekar på bakgrunn av en internasjonal etterlysning og beslutning om pågripelse fra italienske myndigheter.
— PST (@PSTnorge) July 15, 2019
ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەتد پـرێس دەڵێت دەسـتگیرکردنەکە پاش چەند کاتژمێرێک بوو لەوەی دادگایەکی ئیتالیا بڕیاری سزای 12 ساڵ زیندانی بۆ مەلا کرێکار دەرکرد بە تۆمەتی هەوڵی ڕووخاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراندنی خەلافەتێکی ئیسلامی.
داواکاری گشتی ئیتالیا دەڵێت مەلا کرێکار لە پشت تۆڕی ڕەوتی شاخە کە تۆڕێکە لە ئەوروپا و ئامانجی ڕووخاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە ڕێگەی توندوتیژیـیەوە.
مارکۆ فێرنیلۆ پارێزەرە ئیتالیـیەکەی مەلا کرێکار دەڵێت مەلا کرێکار ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و بە نیازە تانە لە بڕیارەکەی دادگا بگرێت. گوتیشی جگە لە مەلا کرێکار 5 کەسی دیکەش لەم کەیسەدا تۆمەتبارن.