کۆریای باشور بە پەخشی بڵندگۆی دەنگ بەرز وەڵامی باڵۆنە زبڵەکانی کۆریای باکور دەداتەوە

سوپای کۆریای باشور دەڵێت ڕۆژی یەکشەممە کۆریای باکور کۆمەڵێک باڵۆنی بەرەو کۆریای باشوور هەڵداوە کە پڕبوون لە زبڵ، ڕاشیگەیاند بە پەخشی بڵندگۆی دەنگ بەرز وەڵام دەداتەوە.

سوپای کۆریای باشوور وتی کارەکانی کۆریای باکوور گرژییەکان زیاتر دەکەن لە سنوورە پڕ چەکەکەی نێوانییاندا و دەکرێت دەرەنجامی کوشندەیان هەبێت، وتیشی ڕژێمی کۆریای باکوور بە تەنها بەرپرسە لەوە.

سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی گشتی سوپای کۆریای باشوور وتی " وەکو ئەوەی چەندین جار هۆشداریمان داوە، سوپا پەخشێک دەکات بە بڵندگۆی دەنگ بەرز لەسەرجەم بەرەکاندا، لە کاتژمێر 1 ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە دەست پێدەکات." وتیشی هەڵدانی باڵۆنە پڕ لە زبڵەکان لەلایەن کۆریای باکوورەوە کارێکی قێزەون و شەرمەزارییە.

چالاکەوانان و ئەوانەی کە لە کۆریای باکوورەوە هەڵدێن و ئێستا لە کۆریای باشوورن چەندین ساڵە باڵۆنی خۆیان ڕەوانەی کۆریای باکوور کردووە و نامیلکەی پڕوپاگەندە و کەلوپەلی دیکەیان تێدا بووە، ئەوەش کۆریای باکووری توڕە کردووە.

پێشتر لە هەفتەیەدا سوپای کۆریای باشوور بڕیاریدا پەخشە بیست و چوار کاتژمێرییەکەی بە بەکارهێنانی بڵندگۆی دەنگ بەرز دەستپێبکاتەوە و کۆریای باکوور دەکاتە ئامانج، ئەوەش لە وەڵامێکدا بۆ " هەڵدانی قێزەونی باڵۆنەکان لەلایەن پیۆنگیانگەوە کە پڕن لە زبڵ بۆ ئەو دیوی سنوورەکە."

لە مانگی پێنجەوە کۆریای باکوور هەزاران باڵۆنی پڕ لە زبڵی هەڵداوەتە کۆریای باشوورەوە، ئەوەش بووەتە سەرچاوەیەکی نوێی گرژی لە نێوان دوو کۆریاکەدا.

پەخشەکەی کە کۆریای باشوور کە بڵندگۆی دەنگ بەرزی بۆ بەکاردەهێنێت، بریتی دەبێت لە گۆرانی پۆپی کۆریا و هەواڵە جیهانییەکان و پڕۆپاگەندە، بەرپرسانی سەربازی و چالاکەوانیش وەکو شێوازێکی کاریگەریی جەنگی دەروونی دژی کۆریای باکوور سەیری دەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز