کۆریای باکوور ئاماژە بەوە دەدات تاقیکردنەوە ناوەکی و موشەکە مەودا درێژەکانی دەستپێدەکاتەوە، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ " زیادبوونی جوڵە نەیارەکانی ئەمەریکا."
لە کۆبوونەوەکەی پۆلیتبورۆی ڕۆژی چوارشەممەدا کە ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون ئامادەی بوو، دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور وتی بەرپرسانی وڵاتەکە وتیان " دووبارە بیر لە گرتنەوەبەری سەرجەم ئەو ڕێوشوێنانە دەکەن کە بۆ بونیادنانی متمانە و خۆبەخشانە لەلایەن وڵاتەکەمانەوە ڕاگیراون و بەخێرایی تاوتوێی دووبارە دەستپێکردنەوەی سەرجەم ئەو کارانە دەکەین کە بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگیراون."
ئەمەش ئاماژەیەکی دیارە بۆ بڕیارەکەی ساڵی 2018 ی کیم جۆنگ ئون لەسەر ئەوەی خۆبەخشانە تاقیکردنەوە ناوەکی و موشەکە کیشوەربڕەکانی وڵاتەکە ڕادەگرێت.
لە ساڵی 2017 ەوە کۆریای باکوور تاقیکردنەوەی ناوەکی یاخود موشەکی کیشوەربڕی ئەنجام نەداوە، ئەوەش لەنێوەندی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان کیم و سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا.
دوابەدوای گفتوگۆکانی نێوان ترامپ و کیم لە ساڵی 2019 دا، کۆریای باکوور دەستیکردەوە بە تاقیکردنەوەی موشەکە باڵیستیکیە مەودا کورتەکانی.
لە دەستپێکی ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا کۆریای باکوور دوو موشەکی دەنگبڕی تاقیکردۆتەوە، دواتریش دوو موشەکی باڵیستیکی لە شەمەندەفەرێکەوە هەڵداوە و لە فڕۆکەخانەی پیۆنگیانگیشەوە دوو موشەکی هەڵداوە.
لەم مانگەدا ئەمەریکا سزای سەپاند بەسەر پێنج کەسی کۆریای باکووردا کە پەیوەندییان بە پڕۆگرامی چەکی کۆریای باکوورەوە هەبووە، ئەمەش بووە هۆی توڕەبوونی پیۆنگیانگ.
لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی چوارشەممەدا بەرپرسانی کۆریای باکوور ڕەخنەی توندیان لە وەکو خۆیان دەڵێن " جوڵە هەڵەشەکانی ئەمدواییانەی " ئەمەریکا گرت، هەروەها دژایەتی خۆیان بۆ مەشقە سەربازییە هاوبەشەکانی ئەمدواییانەی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باشووریش دەربڕی.
دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور وتی " کۆبوونەوەکە جەختی لە سیاسەتی بەرگری کردەوە بۆ پتەوکردن و گەشەپێدان بەبێ هیچ دواکەوتنێک."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا