کۆریای باکوور مەشقی ' هێرشی چەکی ئەتۆمی تەکتیکی ' ئەنجام دەدات

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە کۆریای باکوور ڕۆژی شەممە مەشقێکی " هێرشی چەکی ئەتۆمی تەکتیکی " ئەنجامداوە کە تێیدا دوو مووشەکی کروزی مەودا دوور هەڵدراون، ئەمەش لە کاتێکدا کە ڕابەری وڵاتەکە کیم جۆنگ ئون سەردانی کارگەکانی دروستکردنی تەقەمەنی و کەشتی کردووە.

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور وتی ئامانج لە مەشقەکان " هۆشداریدان بووە بە دوژمنان " لەسەر ئەوەی کۆریای باکوور ئامادە دەبێت بۆ حاڵەتی ڕوودانی جەنگی ئەتۆمی، هاوکات پیۆنگیانگ جارێکی دیکە بەڵێنیدا ڕێگرییە سەربازییەکانی دژی واشنتن و سیئۆل پتەوتر بکات.

دوو موشەکە کروزەکە کە چەکی ئەتۆمی ساختەیان هەڵگرتبوو بە ئاڕاستەی دەریای ڕۆژئاوا هەڵدراون لە نیمچە دوورگەی کۆریا و بە بەرزایی 150 مەتر و بە درێژایی 1500 کیلۆمەتر فڕیون.

دەزگاکە لە بەیاننامەیەکی جیادا وتی کیم جۆنگ ئون سەردانی کارگەی مەشین کۆمپلێکسی کردووە کە تێیدا بزوێنەری دەریایی دروست دەکرێت، هەروەها سەردانی کارگەیەکی گەورەی دروستکردنی تەقەمەنی کردووە و جەختی لە پتەوکردنی هێزی دەریایی کۆریای باکوور کردووەتەوە.

نوێترین هەڵدانی موشەکەکە دوای مەشقە هاوبەشە ساڵانەییەکەی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باشوور هات، کە ڕۆژی پێنجشەممە دوای یانزە ڕۆژ کۆتایی هات، فڕۆکە بۆمبڕێژەکانی ئەمەریکا لە جۆری B-1B بەشدارییان تێدا کرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز