شاندێکی نایجیریا دەڵێت ئەنجومەنی سەربازیی نەیجەر کراوەیە بە ڕووی دیبلۆماسیدا

گروپێکی باڵای توێژەرەوانی ئیسلامی نایجیریا دوای کۆبوونەوەیەکییان لەگەڵ ئەنجومەنی سەربازیی نەیجەردا وتییان ڕابەرانی کودەتاکەی نەیجەر کراوەن بە ڕووی دیبلۆماسیدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ کۆمەڵەی وڵاتانی ئابووری ڕۆژئاوای ئەفریقادا.

سەردانەکە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵەی وڵاتانی ئابووری ڕۆژئاوای ئەفریقا تاوتوێی بژاردەکان دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی سڤیل لە نەیجەردا، بەتایبەتی بژاردەی دەستوەردانی سەربازیی، ئەمەش دوابەدوای کودەتا سەربازییەکەی 26 ی مانگی حەوت کە تێیدا سەرۆکی نەیجەر محەمەد بازوم دوورخرایەوە.

لە ئاماژەیەکدا لەسەر ئەوەی کە کۆمەڵەکە هێشتا هەوڵی چارەسەرێکی ئاشتی دەدات، سەرۆکی کۆمەڵەکە و سەرۆکی نایجیریا بۆلا تینبو سەردانەکەی ڕۆژی شەممەی توێژەرەوە ئیسلامییەکانییان بۆ نیامی پایتەختی نەیجەر پەسەند کرد.

ڕابەری شاندەکە شێخ عەبدوڵاهی بالا لاو وتی کۆبوونەوەی گروپەکە لەگەڵ ڕابەری ئەنجومەنی سەربازیی نەیجەر عەبدوڕەهامانی تیانیدا چەند کاتژمێرێکی خایاندووە.

لاو وتی " دەرگای ئەوان بە ڕووی دیبلۆماسی و ئاشتیدا کراوەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە."

باس لەوەش کراوە تیانی جەختی لە پەیوەندییە مێژووییەکەی نێوان نایجەر و نایجیریا کردووەتەوە، وتوویەتی " دوو وڵاتەکە نەک تەنها دراوسێ بوون بەڵکو خوشک و بران کە دەبێت کێشەکانی نێوانییان بە شێوەیەکی دۆستانە چارەسەر بکەن."

تاوەکو ئێستا ئەنجومەنی سەربازیی نەیجەر لێدوانی لەسەر کۆبوونەوەکە نەداوە، بەڵام لێدوانەکانی تیانی یەکێکن لەو ئاماژە کەمانەی ئەمدواییانە لەسەر ئەوەی کە کراوەیە بە ڕووی گفتوگۆدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەر