نازەنین زاغری لە نێوان بەریتانیا و ئێراندا

نازەنین زاغری

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت دۆسێی ژنە بەریتانیە ئێرانیە گیراوەکە دەخاتە بەردەم دەسەڵاتی دادوەری وڵاتەکە.

ئەم بڕیارەی ئەمڕۆ دووشەممەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوابەدوای سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیایە بۆ ئێران.

بەهرام قاسمی، دەمڕاستی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت دوا بڕیار لەسەر ئەگەر و نەگەری ئازادکردنی نازەنین زاغری لای دەسەڵاتی دادوەری ئێرانە.

نازەنین بڕیاری 5 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا دراوە بەهۆی وەک دەگوترێت پیلان گێڕانەوە بۆ ڕوخاندنی حکومەتی ئێران.

قاسمی دەڵێت خانم زاغری بە وڵاتییەکی ئێرانی دادەنرێت و پێویستە ماوەی زیندانیکردنەکەی لە ئێراندا تەواو بکات بەپێی یاسای ئێران.

بۆریس جۆنسن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە سەردانە دوو ڕۆژیەکەیدا بۆ تاران ئەم بابەتەی لەگەڵ گەورە کاربەدەستانی ئێرانیدا باسکردووە.

نازەنین زاغری کارگوزارێکی بواری خێرخوازییە لە مانگی چواری ساڵی 2016 دا دەستگیرکرا. خێزانەکەشی نکوڵی دەکەن لەو تاوانانەی ڕووبەڕووی کراونەتەوە.

خانم زاغری یەکێکە لەو ژمارە کەسانەی دوو ڕەگەزنامەیان هەیە و لە ئێران هێڵراونەتەوە. دەسەڵاتی دادوەری و هێزە ئاسایشییەکانی ئێرانیش لەلایەن توندڕەوانی وڵاتەکەوە کۆنترۆڵکراون کە دژی ولاتانی ڕۆژئاوان.

لەم ماوەیەی ڕابردووشدا تاران و لەندەن باسیان لە هەڵگرتنی ئەو سڕکردنە کردووە کە بەریتانیا لەسەر نزیکەی 530 ملیۆن دۆلاری موحەمەد ڕەزا پەهلەوی شاهەنشای پێشووی ئێران دایناوە.

دەسەڵاتداران لە لەندەن و تارانیش نکوڵی دەکەن لەوەی ئەو دۆسێی پارەیە پەیوەندی هەبێت بە ئازادکردنی نازەنین زاغریەوە.