بەرنامەی خۆراک هەوڵدەدات 75 ملیۆن دۆلار بۆ موسوڵمانانی ڕۆهینگا کۆبکاتەوە

بەرنامەی خۆراکی جیهانی بە وڵاتانی بەخشەری وت 75 ملیۆن دۆلار تەرخان بکەن لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا وەکو یارمەتییەک و کەمکردنەوەی ناخۆشیەکانی موسوڵمانانی ڕۆهینگا کە لە توندوتیژییەکانی میانمار هەڵهاتوون.

لە 25 ی مانگی هەشتەوە سەدان هەزاران ڕۆهینگا لە میانمار هەڵهاتن بەهۆی توندوتیژییەکانەوە و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی فشاری زیاتر بخاتە سەر دەزگا خێرخوازییەکان لە بەنگلادیشی دراوسێ.

بەڕێوبەریجێبەجێکاری بەرنامەی خۆراکی جیهان دەیڤد پێسلی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان دوای سەردانەکەی بۆ کەمپی پەنابەران لە بەنگلادیش نزیک سنووری میانمار وتی " ئەمە ڕەوشێکی زۆر خراپە، پێویستمان بە 75 ملیۆن دۆلارە بۆ شەش مانگی داهاتوو."

وتیشی " دەتوانین بە چەند ملیۆنێک برسێتی لە جیهاندا بنەبڕ بکەین و بە بەخشەران دەڵێم ئەگەر ناتوانن پارەمان بدەنێ ئەوا شەڕەکان بوەستێنن."

لە ئێستادا نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵدەدات 200 ملیۆن دۆلار کۆبکاتەوە بۆ یارمەتیدانی موسوڵمانانی ڕۆهینگا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز