له‌م چه‌ند رۆژه‌ی رابردوودا سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانی عێراق سه‌ردانی پارێزگای دهۆکی کردووه و وه‌ک له ڕاگه‌یاندنه‌کاندا ئاماژه‌ی پێکراوه مه‌به‌ستی ئه‌م سه‌ردانه بۆ تاووتوێکردنی ڕووداوه‌کانی ده‌ڤه‌ری بادینانه و هه‌روه‌هاش بۆ گۆڕانکاری کردن له به‌رپرسانی به‌ڕیوه‌بردنی پارێزگاکه‌دا.
سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی یه‌کگرتووی ئیسلامی ده‌ڵێت هه‌رچه‌نده ڕانه‌گه‌یه‌ندراوه به‌ڵام بێگومان ئه‌م سه‌ردانه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم په‌یوه‌ندی به ڕه‌وشه‌که‌ی ده‌ڤه‌ری بادینانه‌وه هه‌یه، چونکه پێشتر ڕاپۆرتی لیژنه تایبه‌ته‌که‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی خوێندۆته‌وه، به‌ڵام ده‌شڵێت پێی وا نییه گۆڕانکاریه‌کان له به‌رپرسانی پارێزگاکه‌دا په‌یوه‌ندی هه‌بێت به‌و ڕووداوانه‌ی ده‌ڤه‌ره‌که‌وه که تیایدا ژماره‌یه‌ک دوکان و بازاڕی مه‌ی فرۆشتن سوتێنران و به دواشیدا هێرشکرایه سه‌ر باره‌گاکانی یه‌کگرتووی ئیسلامی و چه‌ندان باره‌گا له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا ئاگریان تێبه‌ردرا.
له میانه‌ی وتووێژه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ به‌ڵێن ساڵح، موحه‌مه‌د ڕه‌وف ده‌شڵێت به‌ره‌نجامه‌کانی ئه‌و ڕاپۆرته‌ی لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه نه‌خراوه‌ته به‌رده‌م یه‌کگرتووی ئیسلامی ، به‌ڵام ده‌شڵێت له دووره‌وه هێنده بیستراوه که لایه‌نی یه‌کگرتوو له‌و ڕووداوانه‌دا وه‌ک ده‌ڵێت "مه‌زڵوم بووه".
ده‌توانن له‌ڕێی کلیککردنی ئه‌و فایله ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته چه‌پ گوێبیستی ته‌واوی وتووێژه‌که بن که ماوه‌که‌ی 6:30 خوله‌که.