شاری موسڵی عێراق لە ساڵی 2014 دا کەوتە ژێر دەسەڵاتی چەکدارانی ڕێکخراوی داعشەوە، بەڵام لە ساڵی 2017 دا ئازادکرا و ئێستا ژیان گەڕاوەتەوە بۆ شارەکە.
سەقر زەکەریا دەڵێت کاتێک ئاوی گوڵەکانی سەر شەقامەکانی موسڵ دەدرا وەستام و بیرم لەوە کردەوە کە ئەم شوێنەی کە دوا شوێنی چەکدارانی داعش بوو لە عێراقدا ئێستا چەند پارێزراوە.
زەکەریا کە لە ساڵی 2005 دا شارەکەی جێهێشتووە و لە ساڵی 2018 دا گەڕاوەتەوە بۆ دامەزراندنی ناوەندێکی کلتووری لە شارەکەدا بە ناوی دامەزراوەی بەیتنا، لەو کاتەدا کە هێشتا هەزاران لاشەی مردوو لە ژێر داروپەردبووەکاندا دەردەهێندرانەوە، وتی " تۆزێک وەستام و بیرم کردەوە، من لە کوێم؟"
دە ساڵ لەمەوبەر ڕێکخراوی داعش خەڵافەتێکی لە مزگەوتی گەورەی نوری شارەکە ڕاگەیاند، شێوازێکی توندی ئیسلامی سەپاند بەسەر خەڵکی شارەکەدا کە لەو ڕێیەوە ئەندامانی گروپە کەمینەکانییان کوشت و میوزیکییان قەدەغە کرد و شوێنی شوێنەوارەکانییان لە ناوبرد.
کۆڵانەکانی ئەم بەشەی شارەکە لە کەناری ڕۆژئاوای ڕووباری دیجلە دوای لەشکرکێشییەکەی ئەمەریکاوە لە ساڵی 2003 دا و سەرهەڵدانی گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکان بوونە شوێنی کوشتن و ڕفاندن و تاوانکاری بەردەوام.
لە شەڕی ئازادکردنی شارەکەدا، بەشێکی زۆری شارەکە وێرانکرا و هەزاران هاووڵاتی سڤیلیش کوژران.
بەڵام سەرەڕای ململانێ سیاسییەکانی ناو وڵاتەکە و تۆمەتەکانی گەندەڵی و دواکەوتنی ئاوەدانکردنەوەی شارەکە، ژیان بۆ هەردوو دیوی ڕووبارەکە گەڕاوەتەوە.
زۆرێک لەو دوو دەرزەن کەسەی کە قسەیان بۆ ڕۆیتەرز کردووە لە ماوەی سەردانە چوار شەوییەکەدا بۆ شارەکە وتوویانە کە ئێستا زیاتر هەست بە پارێزراویی دەکەن بە بەراورد لەگەڵ دوو دەیەی ڕابردوودا.
زەکەریا وتی " ژیان پێکهاتبوو لە خواردن و خەو و داخستنی دەرگاکەت بۆ ئەوەی نەڕفێندرێیت یان نەکوژرێیت یان نەوتەقێننەوە. ئێمە مافمان نەمابوو، ئەمڕۆ قەرەبووی ئەوە دەکەینەوە." دامەزراوەکەی زەکەریا کە لە ماڵێکی کلتوری موسڵاویدایە و حەوشەیەکی تێدایە، بووەتە شوێنی سەرەکی میوانە ناوخۆیی و بیانییەکان، بە سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆنیشەوە کە لە ساڵی 2021 دا سەردانی شوێنەکەی کرد.
دوای ئەوەی زەکەریا قسەی کرد، پیاوێکی بە تەمەن هاتە حەوشەی شوێنەکەوە و لەبەردەم وێنەکانی سەر دیوارەکەدا فرمێسکی ڕشت، کە مێژووی فیکری و کلتووری شارەکە دەگێڕنەوە.
نزار ئەلخەیات کە پێشتر بەڕێوبەری قوتابخانە بووە و تەمەنی لە حەفتاکانیدایە، وتی " ئەمە موسڵە. هەر شتێک ڕووبدات هێشتا وەکو شارێکی ڕۆشنبیر و شارستانی دەمێنێتەوە."
بەرپرسانی ناوخۆ دەڵێن هێشتا ڕێگەیەکی دوورودرێژ ماوە بۆ ئەوەی میراتی داعش لە شارەکەدا نەمێنێت.
دوای حەوت ساڵ لە ئازادکردنی شارەکە هێشتا داروپەردووەکان پاک دەکرێنەوە. هێشتا لە دەوروبەری موسڵ بینا ڕووخاوەکان و تەختە دەرکەوتووەکان دەبینرێن. شارە کۆنەکە لە وێرانەدایە.
بەڵام پردەکان بەرز بوونەتەوە، چێشتخانەی نوێ کراونەتەوە، شەوانە کافتریاکانی سەر ڕووبارەکە ژیانییان تێدایە، کە پێشتر ئەوە شتێک بووە کە بیریشی لێنەکراوەتەوە چونکە خەڵکەکە لە دوای درەنگانێکی دوانیوەڕۆوە لە ماڵەکانی خۆیاندا نەهاتوونەتە دەرەوە.
تەنانەت لە کاتێکدا کە شارەکە کار دەکات بۆ بونیادنانەوەی ژێرخانە سەرەتاییەکەی، سەنگی خستووەتە سەر فراوانکردنی ناوچە سەوزەکان و شوێنی گەشتیارانیش.
لە ساڵی 2021 دا پاپا فرانسیس سەردانی مزگەوتی گەورەی نوری و کڵێسای تاهیرەی شارەکەی کرد.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز