سەدان کۆچبەر لە سنوورەکانی نێوان سڕبیا و کرواتیا ماونەتەوە

پاش ئەوەی هەنگاریا سنووری خۆی بە ئاڕاستەی کرواتیا لە ڕۆژی شەممە داخست، سەدان کۆچبەر بۆ ئەمڕۆ دووشەممە لەسەر سنووری نێوان کرواتیا و سڕبیا ماونەتەوە و دوێنێ شەویان لەو ناوچەیە بە سەرما و خۆراکێـکی کەم بەسەربرد.

نزیکەی 2 هەزار کەس بە درێژایی دوێنێ یەکشەممە لە نێو پاسی سارد و سڕدا مابوونەوە، بەو هیوایەی بەرەو سڕبیا بەڕێبکەون و لەوێشەوە بۆ نێو یەکێتی ئەوروپا.

لەوەتای هەنگاریا سنووری خۆی لەگەڵ کرواتیا داخستووە، پاسەکان ناچارن ڕێگەیەکی درێژتر دەگرنەبەر کە بە سلۆڤینیا تێپەڕدەبێت، ئەو وڵاتەی تێپەڕینی ڕۆژانەی کۆچبەرانی سنووردارکردووە.

گوتەبێژێـکی ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت هەنگاریا بە داخستنی سنوورەکانی تەنها مەینەتی کۆچبەران زیاتر دەکات.

سلۆڤینیا دەڵێت لە ئێسـتادا هیچ نیازی نیـیە سنوورەکانی دابخات، بەڵام دایناوە ڕۆژانە تەنها ڕێگە بە پەڕینەوەی 2500 کۆچبەر بدات.

کاربەدەسـتێکی وەزارەتی ناوخۆی سلۆڤینیا دوێنێ یەکشەممە گوتی ئەوان ناتوانن لەو ژمارەیە زیاتر ڕۆژانە ڕێگە بە کۆچبەر بدەن بچێتە نێو وڵاتەکەیانەوە. گوتیشی لە ماوەیەکی کورتدا 35 هەزار کۆچبەر لە سلۆڤینیا بن، ئەمەش بۆ ئەوان جێی قبوڵ نیـیە.

پـێشبینی دەکرێت هەتا کۆتایی ئەمساڵ نزیکەی 700 هەزار کۆچبەر کە زۆربەیان لەتاو شەڕ و هەژاری لە سوریا و ئەفغانسـتان و وڵاتانی دیکە هەڵدێن ڕوو لە یەکێتی ئەوروپا بکەن.