مەکسیک: لە ئەرکی دەستگیرکردنی کوڕەکەی ئێل چاپۆدا لانیکەم 29 کەس کوژراون

وەزیری بەرگری مەکسیک لویس کریسێنسیۆ ساندۆڤال

وەزیری بەرگری مەکسیک لویس کریسێنسیۆ ساندۆڤال دەڵێت بەهۆی توندوتیژییەکانەوە لە چوارچێوەی دەستگیرکردنی ئۆڤیدیۆ گوزمانی سەرکردەی گروپێکی بازرگانیکردن بە دەرمانە هۆشبەرەکانەوە لە ویلایەتی سینالۆوای باکووری مەکسیک 19 ئەندامی گروپە چەتەکە و 10 سەرباز کوژراون.

وتیشی هێزەکانی ئاسایشی مەکسیک بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ئۆڤیدیۆ گوزمانیان دەستگیرکردووە کە کوڕی خواکین ' ئێل چاپۆ ' گوزمانی زیندانیکراوە، ئەوەش بووەتە هۆی کەوتنەوەی شەڕە تەقەیەکی چەند کاتژمێری لەگەڵ ئەندامانی گروپە چەتەکەدا.

ساندۆڤال وتیشی گوزمان لە ماڵێکدا دەستگیرکراوە و بە کۆپتەر گواستراوەتەوە بۆ مەکسیکۆ سیتی، دواتریش گواستراوەتەوە بۆ بەندینخایەکی فیدڕاڵی وڵاتەکە.

دەستگیرکردنەکە کارتێڵی سینالۆوای هەژاند کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لەلایەن ئێل چاپۆ خۆیەوە ڕابەرایەتی دەکرا، هەروەها بووە هۆی ئەوەی ئەندامانی گروپەکە لە ناوخۆ و دەرەوەی شاری کولیاکانی پایتەختی سینالۆوادا گڕ بەربدەنە ئوتومبێلەکان و شەقامەکان بگرن و شەڕ لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشدا بکەن.

ساندۆڤال لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی لە میانەی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژی پێنجشەممەدا 21 کەس دەستگیرکراون، وتیشی هیچ هەواڵێک نەبووە لەسەر کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی.

سەرۆکی مەکسیک ئاندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر وتی هیچ پلانێکی دەستبەجێیی نیە بۆ ڕادەستکردنی ئۆڤیدیۆ گوزمان بە ئەمەریکا، کە ئێل چاپۆی باوکی لەوێ لە زینداندایە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2017 دا ڕادەستی ئەمەریکا کرا و لە دادگایەکی نیویۆرکدا تاوانبار کرا.

لۆپێز ئۆبرادۆر وتی " دەبێت سەرجەم ڕووەکانی دۆسییەکە بخرێنە ڕوو و دادوەرانی مەکسک بڕیار دەدەن. ئەوە پڕۆسەیەکە، تەنها داوایەک نیە." وتیشی هیچ هێزێکی ئەمەریکا یارمەتی مەکسیکی نەداوە لە دەستگیرکردنی ئۆڤیدیۆدا.

ساندۆڤال وتی بوونی هێزەکانی ئاسایش لە سینالۆوا زیاد دەکرێت، 1000 سەربازی مەکسیک ڕەوانەی هەرێمەکە دەکرێن، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی.

دەستگیرکردنەکە هەفتەیەک پێش کۆبوونەوە لوتکەکەی ڕابەرانی باکووری ئەمەریکا دێت لە مەکسیکۆ سیستی، کە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنیش ئامادەی دەبێت. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هاریکارییەکانیش دەکرێت لە ڕووی ئاسایشەوە.

چەندین ساڵە ئەمەریکا هەوڵی ئەوە دەدات گوزمان ڕادەستی وڵاتەکە بکرێت. لە ساڵی 2021 دا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند بڕی 5 ملیۆن دۆلار دەدات بە هەر کەسێک زانیاری بدات لەسەر گوزمان و ببێتە هۆی دەستگیرکردنی.

گوزمان لە ئەمەریکا بە تۆمەتی گواستنەوەی کۆکەین و مێثامفیتامین و ماریوانا بۆ ناو ئەمەریکا تۆمەتبار کراوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت گوزمان سەرپەرشتی تاقیگەکانی دروستکردنی مێثافیتامینی کردووە لە سینالۆوا و بەرپرسە لە بەرهەمهێنانی " 3000 بۆ 5000 پاوەند " لەو دەرمانە لە یەک مانگدا.

وەزارەتەکە وتیشی زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن گوزمان فەرمانی بە چەندین کوشتنیش کردووە، لەوانەش کوشتنی گۆرانیبێژێکی بەناوبانگی مەکسیکی کە ڕەتی کردەوە لە ئاهەنگی هاوسەرگیری گوزماندا گۆرانی بڵێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز