سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کێڤن مککارثی ڕایگەیاند یاسادانەران لێکۆڵینەوەیەک لەسەر شیانی لێپێچینەوە لە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەست پێدەکەن، بەمەش لێکۆڵینەوەیەک بەرەوپێشەوە دەبەن سەبارەت بەو هەواڵانەی کە گوایە سەرۆک بایدن سوودی لە مامەڵە بازرگانییە دەرەکییەکانی هەنتەر بایدنی کوڕی بینیوە.
مککارثی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەم تۆمەتانە ئاماژە بە وێنەیەکی کلتووری گەندەڵی دەکەن."
وتیشی " بۆمان دەرکەوتووە کە سەرۆک بایدن درۆی کردووە لەگەڵ گەلی ئەمەریکادا سەبارەت بە زانیارییەکانی لەسەر مامەڵە بازرگانییە دەرەکییەکانی خێزانەکەی. شایەتحاڵان گەواهییان داوە لەسەر ئەوەی کە سەرۆک بەشداری لە چەندین پەیوەندی تەلەفونیدا کردووە و چەندین جار بەریەککەوتن و ئێوارەخوانی هەبووە کە بەهۆیانەوە کوڕەکەی و هاوبەشە بازرگانییەکانی کوڕەکەی ئوتومبێل و ملیۆنان دۆلارییان دەستکەوتووە."
وتیشی " دەزانین کە تۆمارە بانکییەکان دەریدەخەن کە نزیکەی 20 ملیۆن دۆلار لەو پارانەی کە دراون ئاڕاستەی ئەندامانی خێزانەکەی بایدن و هاوەڵەکانییان کراون، ئەوەش لە ڕێی کۆمپانیا جۆراوجۆرەکانی شێڵەوە."
مککارثی بانگەشەی ئەوەشی کرد کە گوایە بایدن ئۆفیسە فەڕمییەکەی بەکارهێناوە بۆ هەماهەنگیکردن لەو گرێبەستانەدا و لەلایەن بەڕێوبەرایەتییەکەی خۆیەوە بە شێوەیەکی تایبەت مامەڵەی لەگەڵدا کراوە.
چەندین کۆمیتە هەن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکادا کە هێشتا پێویستییان بەوەیە بەڵگە بدۆزنەوە بۆ پشتگیریکردن لەو بانگەشانە.
وتەبێژی کۆشکی سپی ئیان سامس وتی " کۆمارییەکانی ئەنجومەنی سینات ماوەی 9 مانگە لێکۆڵینەوە لە سەرۆک دەکەن، هیچ بەڵگەیەکییان لەسەر ئەنجامدانی کارێکی هەڵە نەدۆزیوەتەوە. ئەندامانی کۆمارییەکان خۆشییان وادەڵێن."
چەک شومەری ڕابەری دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا وتی لێکۆڵینەوەکە شتێکی بێمانایە.
کۆمارییەکان بە جیاوازییەکی زۆر کەم زۆرینەن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکادا، بە جۆرێک تەنها پێنج کورسییان لە دیموکراتەکان زیاترە. بەڵام هەندێک لە کۆمارییەکان نیگەرانییان دەربڕیوە سەبارەت بە هەوڵدان بۆ لێکۆڵینەوەیەک بۆ لێپێچینەوە لە سەرۆک لە کاتێکدا کە بەرەو هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2024 دەڕۆن.
کێن بەکی کۆماری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا وتی " کاتی لێپێچینەوە ئەو کاتەیە کە بەڵگەیەک هەبێت ، ئەگەر بەڵگەیەک هەبێت، سەرۆک بایدن ببەستێتەوە بە تاوانێکی گەورەوە یاخود بە کارێکی هەڵەوە، ئەوە لە ئێستادا بوونی نیە."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لێکۆڵینەوە بۆ لێپێچینەوە لە سەرۆک بایدن ڕادەگەیەنێت
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کێڤن مککارثی