سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی ئاماژەی بەوەدا داوا لە یەکێتی ئەوروپا دەکات ماوەی وتوێژەکان سەبارەت بە جیابوونەوەی وڵاتەکەی لە یەکێتیەکە درێژبکەنەوە و لەگەڵ ڕابەری پارتی کاری ئۆپۆزسیۆنی بەڕیتانیا جێرێمی کۆربیندا کۆدەبێتەوە لە هەوڵیدا بۆ چارەسەرکردنی ئەو سڕبوونەی لە پەرلەماندا هەیە سەبارەت بە بابەتەکە.
مەی لە بەیاننامەیەکدا وتی " لەبەرئەوە دەمانەوێت ماددەی 50 درێژبکرێتەوە، درێژکردنەوەیەک بۆ ماوەیەکی کورت تاوەکو بڕیار لەسەر ڕێکەوتنێک دەدەین. هەروەها پێویستە لەسەرمان ڕوون بین سەبارەت بە هۆکاری ئەم درێژکردنەوەیە تاوەکو گرەنتی ئەوە بدەین لەکاتێکی گونجاو و بەشێوەیەکی ڕێکخراو جیاببینەوە."
تێریزا مەی وتیشی " ئەمڕۆ هەنگاو دەنێم بەرەو نەهێشتنی ئەو سڕبوونەی لە پەرلەماندا هەیە سەبارەت بەم بابەتە. پێشنیاری دانیشتنێک دەکەم لەگەڵ ڕابەری ئۆپۆزسیۆندا تاوەکو هەوڵ بدەین ڕێکبکەوین لەسەر پلانێک گرەنتی ئەوە بدات کە جیابوونەوەمان لە یەکێتی ئەوروپا بە ڕێکەوتن ببێت."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز