سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی وتی بەنیازە لەمیانەی کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی بیستدا لە ئەرجەنتین لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیەدا کۆببێتەوە و گفتوگۆ لەسەر بابەتەکانی یەمەن و کوژرانی جەمال خاشقچی بکەن.
تێریزا مەی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " دەمەوێت لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیەدا قسە بکەم. پەیامێکی ڕوونی پێ ڕادەگەیەنم، سەبارەت بە بابەتەکانی جەمال خاشقچی و دۆسییەی یەمەن."
سەبارەت بە کوشتنی خاشقچیش وتی " لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف و ڕاستمان دەوێت لەسەر ئەوەی ڕوویداوە و هەروەها دەمانەوێت ئەو کەسانەی بەرپرسن لە کوشتنەکە بە سزای خۆیان بگەن."
هەروەها سەبارەت بە یەمەنیش وتی " سەبارەت بە یەمەنیش، هێشتا نیگەرانین سەبارەت بە ڕەوشی مرۆیی. چارەسەری هەمیشەیی لە یەمەن چارەسەری سیاسییە. هانی هەموو لایەنەکان دەدەین بۆ ئەوە بگەڕێن و کاری لەسەر بکەن."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز