ماکرۆن پێشوازیی لە بڕیارەکەی ئەمەریکا کرد بۆ هێشتنەوەی هەندێک لە هێزەکانی لە سوریادا

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن پێشوازیی لە بڕیارەکەی ئەمەریکا کرد بۆ هێشتنەوەی هەندێک لە هێزەکانی لە سوریادا، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ پاشگەزبۆوە لە کشانەوەی هەموو هێزەکانی وڵاتەکە لە سوریادا.

سەرۆکی فەڕەنسا لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆکی عێراق بەرهەم ساڵح وتی " سەبارەت بە بڕیارەکەی ئەمەریکا، پێشوازیی لەو هەڵبژاردنە دەکەم. بڕیارەکەی ئەمەریکا شتێکی باشە و لە چوارچێوەی هاوپەیماناندا بەردەوام دەبین لەکارکردن ."

جێی ئاماژەیە لە مانگی دوانزەدا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بڕیاریدا هەموو هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا بکشێنێتەوە، دوای ئەوەی وتی شکستیان بە ڕێکخراوی داعش هێناوە، ئەمەش بڕیارێکی لەناکاو بوو کە بووە هۆی کەوتنەوەی نیگەرانییەکی زۆر لەنێو هاوپەیماناندا و هەروەها بووە هۆی ئەوەی وەزیری بەرگری پێشووی ئەمەریکا جیم ماتیس دەست لەکارەکەی بکشێنێتەوە.

دیبلۆماتکارانی فەڕەنسی لەو کاتەدا وتیان ماکرۆن بە تایبەتی هەوڵیداوە سەرۆک ترامپ ڕازی بکات چاو بە بڕیارەکەیدا بخشێنێتەوە و هۆشیاری داوەتێ سەبارەت بە مەترسی کشانەوەیەکی پێشوەخت لە سوریادا.

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکی ڕۆژی هەینی ڕابردوو وتی ئەمەریکا نزیکەی 400 سەربازی ئەمەریکی دەهێڵێتەوە و دابەش دەکرێن بەسەر دوو ناوچەی جیاوازدا لە سوریا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز