ماکرۆن دەڵێت پشتیوانی لە مێرکڵ دەکات ئەگەر خۆی کاندید بکات بۆ سەرۆکایەتی کۆمسیۆنی ئەوروپا

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن وتی پشتیوانی لە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ دەکات ئەگەر هەوڵ بدات شوێن ژان کلود یۆنکەر بگرێتەوە بۆ سەرۆکایەتی کۆمسیۆنی ئەوروپا.

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ وتی دوای ئەوەی ماوەی دەسەڵاتەکەی تەواو دەبێت وەکو ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە ساڵی 2021 دا واز لەکاری سیاسیی دەهێنێت، بەڵام هەندێک لە یەکێتی ئەوروپا هیوادارن مێرکڵ بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە بەهۆی ئەو ئەزموونە فراوانەی کە هەیەتی لەگەڵ پابەندبوونی بەرامبەر یەکێتی ئەوروپا.

ماکرۆن لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئاڕ تی ئێسی سویسریدا پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی کە ئایا پشتیوانی لە خۆکاندیدکردنی مێرکڵ دەکات، لە وەڵامدا وتی ناتوانێت لەجێی مێرکڵ قسە بکات.

وتیشی " بەڵام ئەگەر ئەو بیەوێت، پشتیوانی لێدەکەم." وتیشی " بێگومان پشتیوانی لێدەکەم چونکە من پێم وایە ئێمە پێویستمان بە کەسێکی بەهێزە. ئەوروپا پێویستی بە خەڵکی نوێ و بەهێزە، بۆیە پێویستمان بە کەسانێکە کە ئەوانەیان تێدابێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز