ئەلێکسی ناڤاڵنی ڕابەری باڵای ئۆپۆزسیۆنی ڕووسیا و دوژمنی سەرسەختی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن، ڕۆژی هەینی لە زینداندا گیانی لە دەستدا، ئەمەش بەپێی بەیاننامەیەکی دەزگای زیندانی فیدڕاڵی ڕووسیا.
ناڤاڵنی کە بە تۆمەتی توندڕەویی سزای 19 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، دەزگاکە وتی دوای پیاسەیەک دۆخی تێکچووە و کەوتووە. تیمەکەی ناڤاڵنی دەستبەجێ هەواڵی مەرگی ناڤاڵنییان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
ناڤاڵنی لە مانگی دوانزەدا لە زیندانەکەی پێشووی لە ناوەڕاستی ڕووسیاوە گواسترایەوە بۆ زیندانێکی تایبەتی ڕووسیا، کە بەرزترین ئاستی ئاسایشی تێدایە لە ڕووسیادا.
لە ماوەی 10 ساڵدا، ناڤاڵنی لە دوژمنی سەرسەختی کرێملنەوە بوو بە دیارترین کەسایەتی زیندانیکراوی ڕووسیایی.
ژیان و مەرگی ناڤاڵنی
ناڤاڵنی لە 4 ی مانگی 6 ی ساڵی 1976 دا لە بەشی ڕۆژئاوای هەرێمی مۆسکۆ لە دایک بووە. لە ساڵی 1997 دا لە زانکۆی ڕودنی ڕووسیا دەرچووە و بڕوانامەی لە یاسادا وەرگرتووە. هەروەها لە ساڵی 2001 دا بڕوانامەی لە ئابووریدا وەرگرت لە کاتێکدا کە وەکو پارێزەر کاری دەکرد. هەروەها لە ساڵی 2009دا لە زانکۆی یێڵ خوێندوویەتی.
ناڤالنی لە ساڵی 1998ەوە وەک پارێزەر لە کۆمپانیایەکی گەشەپێدانی خانووبەرە کاری کردووە، بەڵام لە ساڵی 2013دا بەهۆی سزادانی لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری ڕووسیاوە لە کارکردن وەک پارێزەر قەدەغە کراوە.
هەرچەندە سەرەتا لە ڕاستڕەوە ناسیۆنالیستە ڕووسییەکان نزیک بووە، بەڵام دواتر خۆی وەک نەیارێکی ژمارە یەکی پوتن و "گرووپی دز و ساختەچی" لە ڕووسیا نیشان دا.
ناڤاڵنی لە ساڵی 2008 دا ناوبانگێکی بە دەستهێنا، ئەوەش بەهۆی تۆمەتبارکردنی ئەو کۆمپانیایانەوە کە سەر بە دەوڵەتی ڕووسیان، لەوانەش کۆمپانیای زەبەلاحی گازپڕۆم و کۆمپانیای نەوتی ڕۆزنەفت.
لە ساڵی 2010 دا ناڤاڵنی پڕۆژەی دژە گەندەڵی ڕۆزپیڵ دەستپێدەکات کە لەلایەن تیمێک لە پارێزەرانەوە بەڕێوەدەبرێت، تیمەکە شیکاری بۆ خەرجییەکانی دەزگا و کۆمپانیاکانی سەر بە دەوڵەت دەکات، پێشێلکارییەکانییان لە دادگادا ئاشکرا دەکات.
لە ساڵی 2011 دا دامەزراوەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دادەمەزرێنێت، کە دواتر دەبێتە سەکۆی سەرەکی تیمەکەی لە ئاشکراکردنی گەندەڵییەکان لە نێو پلە سیاسییە باڵاکانی ڕووسیادا.
لە مانگی دوانزەی ساڵی 2011 دا ناڤاڵنی بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا دەکات کە بەهۆی ئەو ڕاپۆرتانەوە سەریانهەڵدا کە گوایە ساختەکاری کراوە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ڕووسیادا، ناڤاڵنی دواتر دەستگیرکرا و بۆ ماوەی 15 ڕۆژ بە تۆمەتی " ڕووبەڕووبوونەوەی بەرپرسێکی حکومەت " زیندانیکرا.
لە مانگی 3 ی ساڵی 2012 دا دوابەدوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی ڤلادیمیر پوتن وەکو سەرۆکی ڕووسیا، خۆپیشاندانێکی گەورە لە مۆسکۆ و شارەکانی دیکەی ڕووسیا دەستییان پێکرد. ناڤاڵنی کەسایەتییە سەرەکییەکانی بە تۆمەتی گەندەڵی تۆمەتبار کرد، لەوانەش جێگری سەرۆک وەزیری ئەو کاتەی ڕووسیا ئیگۆر شوڤالۆڤ و ڕابەری چیچان ڕەمەزان قادیرۆڤ.
لە مانگی 7 ی ساڵی 2012 دا کۆمیتەی لێکۆڵینەوەکانی ڕووسیا ناڤاڵنی بە تۆمەتی دزین لە ڕێی کۆمپانیای کیرۆڤلیسەوە تۆمەتبار کرد. ناڤاڵنی سەرجەم تۆمەتەکانی ڕەت کردەوە و وتی پاڵنەری سیاسییان لە پشتەوە بووە.
لە ساڵی 2013 دا ناڤاڵنی خۆی کاندید کرد بۆ پۆستی سەرۆکایەتی شارەوانی مۆسکۆ، ئەمەش لە هەنگاوێکدا کە بەرپرسانی ڕووسیا نەک ڕێگەیان پێدا بەڵکو هانیشییاندا لە هەوڵێکییاندا بۆ پیشاندانی دیموکراسی لە کێبڕکێیەکدا کە بە شێوەیەک دیزاین کرابوو ناوبانگی سێرگێی سوبایانین پتەوتر بکات.
لە مانگی 7 ی ساڵی 2013 دا دادگایەک ناڤاڵنی بە تۆمەتی دزیکردن لە دۆسییەکەی کیرۆڤالیسدا تۆمەتبار دەکات. سزای پێنج ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێنێت. دادگا داوا دەکات ناڤاڵنی ئازاد بکرێت تاوەکو کاتی پێداچوونەوەکەی بە سزاکەدا، ناڤاڵنی لەو ماوەیەدا دەست دەکاتەوە بە کەمپینی هەڵبژاردنەکانی.
لە مانگی 9 ی ساڵی 2013 دا بەرپرسان ئەنجامەکان ئاشکرا دەکەن و ناڤاڵنی پلەی دووەمی بە دەستهێناوە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی مۆسکۆدا و سۆبیانین سەرکەوتوو بووە.
لە مانگی 10 ی ساڵی 2013 دا دادگایەک سزاکەی ناڤاڵنی لە دۆسییەکەی کیرۆڤالیسدا ڕادەگرێت.
لە مانگی 2 ی ساڵی 2014 دا ناڤاڵنی بە تۆمەتی پەیوەندی بە دۆسییەکەی ییڤیس ڕۆچەرەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر دەکرێت و ڕێگەی نادرێت ئینتەرنێت بەکاربهێنێت. بەڵام تیمەکەی بەردەوام گەندەڵییەکانی بەرپرسانی ڕووسیا بڵاودەکەنەوە.
لە مانگی 12 ی ساڵی 2014 دا ناڤاڵنی و ئۆلیگی برای بە تۆمەی ساختەکاری لە دۆسییەی ییڤیس ڕۆچەردا تاوانبار دەکرێن و سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێندرێت بەڵام دواتر سزاکەی ڕادەگیرێت، براکەشی سزای زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت.
لە مانگی 12 ی ساڵی 2015 دا دامەزراوەکەی ناڤاڵنی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی یەکەمین ڤیدیۆی لە یوتیوب بڵاو دەکاتەوە، بەڵگەنامەیەکە بە ناوی " چایکا " وە. بەڵگەنامەکە بە ناوی یوری چایکاوەیە کە لەو کاتەدا دادوەری گشتی ڕووسیا بوو. ڤیدیۆ 44 خولەکییەکە چایکا تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی گەندەڵی و پەیوەندییەوە بە گروپێکی تاوانکارییەوە. چایکا و بەرپرسانی دیکەی ڕووسیا ئەو تۆمەتانەیان ڕەت کردەوە.
لە مانگی 2 ی ساڵی 2016 دا دادگای مافەکانی مرۆڤی یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا ڕووسیا مافەکانی ناڤاڵنی پێشێلکردووە بۆ دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە لە دۆسییەکەی کیرۆڤلیسدا، فەرمانی بە حکومەتی ڕووسیا کرد قەرەبووی ناڤاڵنی بکەنەوە و خەرجییە یاساییەکانی بدەنەوە.
لە مانگی 11 ی ساڵی 2016 دا دادگای باڵای ڕووسیا دەست دەگرێت بەسەر سزاکەی ناڤاڵنیدا و دۆسییەکەی ڕەوانەی ئەو دادگایە دەکاتەوە کە سەرەتا ناڤاڵنی دادگایی کردووە لە هەرێمی کیرۆڤ، ئەوەش بە مەبەستی پێداچوونەوە بە سزاکەدا.
لە مانگی 12 ی ساڵی 2016 دا ناڤاڵنی ڕایگەیاند خۆی کاندید دەکات بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ڕووسیا لە ساڵی 2018 دا.
لە مانگی 2 ی ساڵی 2017 دا دادگای کیرۆڤ جارێکی دیکە ناڤاڵنی دادگایی دەکاتەوە و پشتگیری لە سزاکەی دەکات کە لە ساڵی 2013 دا سزای پێنج ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.
لە مانگی 3 ی ساڵی 2017 دا ناڤاڵنی بەڵگەنامەیەک لە یوتیوب بڵاودەکاتەوە سەرۆک وەزیری ئەو کاتەی ڕووسیا دمیتری مێدیڤیدیڤ تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی گەندەڵی. لە هەفتەی یەکەمدا زیاتر لە حەوت ملیۆن بینەری دەبێت. ئەوەش دەبێتە هۆی کەوتنەوەی خۆپیشاندانیکی گەورە لە ڕووسیادا و خەڵکێکی زۆر دەستگیر دەکرێن. ناڤاڵنی بە شارەکانی ڕووسیادا گەڕا و ئۆفیسەکانی بۆ کەمپینی هەڵبژاردنەکانی کردەوە، گردبوونەوەی گەورە ڕێکدەخات و چەندین جار بە تۆمەتی خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت زیندانی دەکرێت.
لە 27 ی مانگی 4 ی ساڵی 2017 دا کۆمەڵە هێرشبەرێکی نەناسراو ماددەیەکی سەوز دەکەن بە ڕووخساریدا و زیان بە چاوی ڕاستی دەگەیەنن. ناڤاڵنی کرێملنی لەسەر ئەو هێرشە تۆمەتبار کرد.
لە مانگی 10 ی ساڵی 2017 دا دادگای مافەکانی مرۆڤی یەکێتی ئەوروپا بڕیار دەدات تاوانبارکردنی ناڤاڵنی لە دۆسییەی ییڤیس ڕۆچەردا " زۆرەملێ و بێ هۆکارە."
لە مانگی 12 ی ساڵی 2017 دا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ناوەندی ڕووسیا لەسەر ناڤاڵنی قەدەغە دەکات خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ڕووسیا هەڵبژێرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە دۆسییەکەی کیرۆڤلێسدا تۆمەتبار کراوە، ئەم هەنگاوەش لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە سەرکۆنەکرا.
لە مانگی 7 ی ساڵی 2019 دا ئەندامانی تیمەکەی ناڤاڵنی و چەندین چالاکەوانی ئۆپۆزسیۆنی دیکە قەدەغەکرا لەسەرییان خۆیان بۆ ئەنجومەنی شاری مۆسکۆ هەڵبژێرن، ئەوەش خۆپیشاندانی لێکەوتەوە و خۆپیشاندانەکانیش بە توندی سەرکوتکران و هەزاران کەسیش دەستگیرکران.
لە 20 ی مانگی 8 ی ساڵی 2020 دا ناڤاڵنی لە گەشتێکی ئاسمانیدا لە شاری تۆمسکەوە، کە لەوێ لەگەڵ چالاکەوانە ناوخۆییەکاندا کاری دەکرد، نەخۆش کەوت و فڕۆکەکەی بەپەلە لە شاری ئۆمسک نیشتەوە. ناڤاڵنی لە هۆش خۆی چوو و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە، تیمەکەی ناڤاڵنی لەو کاتەدا وتییان گومان دەکەن ژەهراوی کرابێت.
لە 22 ی مانگی 8 ی ساڵی 2020 دا ناڤاڵنی گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە بەرلین. لە 24 ی هەمان مانگدا بەرپرسانی ئەڵمانیا ڕایانگەیاند ناڤاڵنی بە ماددەیەکی ژەهراوی سەردەمی سۆڤییەت ژەهراوی کراوە. دوای چاکبوونەوەی، ناڤاڵنی بەرپرسیارێتی ژەهراویکردنەکەی خستە پاڵ کرێملن. بەرپرسانی ڕووسیاش ئەو تۆمەتەیان ڕەت کردەوە.
لە 17 ی مانگی 1 ی ساڵی 2021 دا دوای پێنج مانگ لە ئەڵمانیا، ناڤاڵنی لەگەڵ گەڕانەوەیدا بۆ ڕووسیا دەستگیرکرا، بەرپرسانی ڕووسیا وتییان کارەکانی لە دەرەوەی وڵاتەکە مەرجەکانی سزا ڕاگیراوەکەی پێشێل کردووە لە دۆسییەی ییڤیس ڕۆچەردا. دەستگیرکردنی ناڤاڵنی دەبێتە هۆی کەوتنەوەی گەورەترین خۆپیشاندان لە ڕووسیادا. هەزاران کەس دەستگیرکران.
لە 2 ی مانگی 2 ی ساڵی 2021 دا دادگایەکی مۆسکۆ سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەر ناڤاڵنیدا سەپاند، ئەوەش بە تۆمەتی پێشێلکردنی مەرجەکانی سزاکەی لە دۆسییەکەی ییڤیس ڕۆچەردا. لە کاتێکدا کە لە زیندان بوو، ناڤاڵنی بۆ ماوەی سێ هەفتە مانگرتنی لە خواردن ڕاگەیاند، ئەوەش بەمەبەستی ناڕەزایی دەربڕین سەبارەت بە نەبوونی چارەسەری تەندروستی و ڕێگەنەدان بە خەوتنی.
لە مانگی 6 ی ساڵی 2021 دا دادگایەکی مۆسکۆ هەڵمەتێکی دژی دامەزراوەکەی ناڤاڵنی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەستپێکرد و نزیکەی 40 ئۆفیسی دامەزراوەکە بە توندڕەو لە قەڵەمدران و تۆڕە سیاسییەکەی داخران. ناڤاڵنی پەیوەندییەکانی لە زیندانەوە لەگەڵ پارێزەرەکانی و تیمەکەیدا پاراست.
لە 24 ی مانگی 2 ی ساڵی 2022 دا ڕووسیا داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا دەستپێکرد، ناڤاڵنی لە زیندان و لە ماوەی دادگاییکردنەکانیشیدا سەرکۆنەی داگیرکارییەکەی کرد.
لە 22 ی مانگی 3 ی ساڵی 2022 دا ناڤاڵنی سزای نۆ ساڵی دیکە زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، ئەوەش بە تۆمەتی دزیکردن و گاڵتەکردن بە دادگایەک لە دۆسییەیەکدا کە لایەنگرەکانی دەڵێن ساختە بووە. دواتر ناڤاڵنی گواسترایەوە بۆ زیندانێک لە هەرێمی ڤلادیمێری ڕۆژئاوای ڕووسیا.
لە ساڵی 2023 دا زیاتر لە 400 پزیشکی ڕووسیایی نامەیەکی کراوە بۆ پوتن دەنێرن، داوای لێدەکەن کۆتایی بە سوکایەتیکردن بە ناڤاڵنی بهێنێت، ئەوەش دوابەدوای ئەو هەواڵانەی کە باسییان لەوە دەکرد دەرمان نەدراوە بە ناڤاڵنی دوای ئەوەی توشی هەڵامەت بووە. تیمەکەی ناڤاڵنی نیگەرانییان دەربڕیوە سەبارەت بە تەندروستی ناڤاڵنی، لە مانگی چواردا ئازاری گەدەی هەبووە و دەوترا جارێکی دیکە ژەهراوی کراوەتەوە.
لە 12 ی مانگی 3 ی ساڵی 2023 دا فیلمی " ناڤاڵنی " خەڵاتی ئۆسکار وەردەگرێت بۆ باشترین فیلمی بەڵگەنامەیی.
لە 26 ی مانگی 4 ی ساڵی 2023 دا ناڤاڵنی لە ڤیدیۆیەکدا دەرکەوت و باس لەوە دەکات ڕووبەڕووی تۆمەتی نوێی توندڕەوی و تیرۆر بووەتەوە کە ڕەنگە تا هەتایە لە زینداندا بیهێڵنەوە.
لە 19 ی مانگی 6 دا دادگایکردنەکەی لە زینداندا دەستپێدەکات، دوای دەستپێکردنی دادگاییەکە بە ماوەیەکی کورت، دادوەرەکان ڕێگە نادەن دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئامادەی دادگاییکردنەکە بن.
لە 20 ی مانگی 7 دا لێکۆڵەرەوەکان داوا لە دادگا دەکەن سزای 20 ساڵ زیندانیکردن بەسەر ناڤاڵنیدا بسەپێندرێت. ناڤاڵنی دەڵێت پێشبینی دەکات سزاکەی " گەورە " بێت.
لە 4 ی مانگی 8 ی ساڵی 2023 دا ناڤاڵنی بە تۆمەتی توندڕەویی تۆمەتبار دەکرێت و سزای 19 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت.
لە 2 ی مانگی 12 ی ساڵی 2023 دا تۆمەتی نوێ ئاڕاستەی ناڤاڵنی دەکرێت. لە لێدوانێکیدا بۆ یاریدەدەرەکانی، ناڤاڵنی دەڵێت بەپێی بەندی 214 تۆمەتبار کراوە بە تۆمەتی تێکدان. دەڵێت " نازانم ئەم هەواڵە نوێیە سەبارەت بە خۆم بە ناخۆش ناوببەم یان بە پێکەنیناوی ، نازانم بەندی 214 چییە، هیچ شوێنێکیش نیە سەیری بکەم و بزانم، ئێوە پێش من دەیزانن."
لە 11 ی مانگی 12 دا ناڤاڵنی بڕیارە لەڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە ئامادەی دادگا بێت، بەڵام دەرناکەوێت، وتەبێژەکەی وتی بەرپرسانی زیندان دەڵێن کێشەی کارەبایان هەیە. هاوپەیمانەکانی ناڤاڵنی نیگەرانییان دەربڕی، وتییان هیچ کام لە پارێزەرەکانیشی ماوەی چەندین هەفتەیەیە هەواڵی ناڤاڵنی نازانن.
لە 25 ی مانگی 12 ی ساڵی 2023 دا هاوپەیمانەکانی ناڤاڵنی وتییان گواستراوەتەوە بۆ زیندانێکی دیکە لە شارۆچکەی خارپ، شارۆچکەکە بە ناوبانگە بە زستانی دوورودرێژ و سارد و توند.
لە 10 ی مانگی 1 ی ساڵی 2024 دا ناڤاڵنی بۆ یەکەمین جار لە خارپەوە لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت. دەزگاکانی هەواڵی ڕووسیا وێنەی ناڤاڵنی بڵاو دەکەنەوە لە زیندانێکی ڕەشدا، لە ڤیدیۆکدا ناڤاڵنی بە گاڵتەوە باس لە کەش و هەوای خارپ دەکات کە دەکەوێتە جەمسەری باکوورەوە و دەپرسێت کە ئایا زیندانەکەی پێشووتری ئاهەنگییان گێڕاوە لەسەر ئەوەی ئەم گواستراوەتەوە.
لە 16 ی مانگی 2 دا دەزگای زیندانی فیدڕاڵی ڕووسیا ڕایگەیاند ناڤاڵنی لە زینداندا و لە تەمەنی 47 ساڵیدا گیانی لە دەستداوە. وتی دوای پیاسەیەک دۆخی تێکچووە و کەوتووە. ئوتومبێلێکی فریاکەوتن گەیشتووە بەڵام نەیتوانیوە زیندووی بکاتەوە. تیمەکەی ناڤاڵنی دەڵێن مەرگی ناڤاڵنی بۆ پشتڕاست نەکراوەتەوە و پارێزەرەکەی ڕۆیشتووە بۆ خارپ.
سەرچاوە/ AP