ناتۆ بۆ یه‌که‌م جار هه‌لیـکۆپته‌ره‌کانی خۆی بۆ بۆردومانکردن له‌ لیبیا ده‌نێرێت

ناتۆ بۆ یه‌که‌م جار هه‌لیـکۆپته‌ره‌کانی خۆی بۆ بۆردومانکردن له‌ لیبیا ده‌نێرێت

ناتۆ ڕۆژی شه‌ممه‌ په‌ره‌ی به‌ بۆردومانکردنه‌کانی خۆی له‌ لیبیا دا و بۆ یه‌که‌م جاره‌ هه‌لیکۆپـته‌ر ده‌نێرێت بۆ هێرشبردنه‌ سه‌ر شوێنه‌کانی لایه‌نگرانی ڕێبه‌ری لیبیا موعه‌ممه‌ر قه‌زافی له‌ به‌رزایی‌یه‌کی نزمه‌وه‌.

ناتۆ گوتی هه‌لیکۆپـته‌رکانی جۆری ئه‌پاچی له‌شـکری به‌ریتانی و تایگه‌ر و گازێڵی فه‌ڕه‌نسی هێرشی ئاسـمانیـیان ئه‌نجام داوه‌. کاربه‌ده‌سـتانی له‌شـکری گوتیان نزیکه‌ی 20 نیشـانه‌ تێـکشکێـنراون‌، له‌وانه‌ شوێنی ڕادارێـک و خاڵێـکی پـشـکنین. هه‌ر سێ هه‌لیـکۆپـته‌ره‌که‌ موشه‌کی پـێشـکه‌وتوویان هه‌ڵگرتووه‌، وه‌کو جۆری Hellfire که‌ ڕاداری هه‌لیکۆپـته‌ره‌کان به‌ره‌و نیشـانه‌که‌ی ده‌بن.

فه‌رمانده‌ی هێزه‌کانی ناتۆ له‌ لیبیا، ژه‌نه‌ڕاڵی که‌نه‌دی چارڵس بوچارد گوتی سه‌رکه‌وتوویی هێرشه‌کان توانا بێ هاوتاکانی ئه‌و هه‌لیـکۆپـته‌ره‌ هێرشبه‌رانه‌ نیشـان ده‌دات.

جێی ئاماژه‌ پـێـکردنه‌ بۆردمانکردنی هه‌لیـکۆپـته‌ر له به‌رزایی نزمه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ زیان له‌ نێو خه‌ڵـکی سیڤیلدا که‌مبکاته‌وه‌ که‌ هه‌رچه‌نده‌ زیاتر مه‌ترسی هه‌یه‌ ئه‌و هه‌لێـکۆپـته‌رانه‌ بـبنه‌ نیشـانه‌ی ئاسان بۆ موشه‌کی جۆری زه‌مینی بۆ ئاسـمان.