ڕێبه‌رانی ئۆپۆزسیۆنی لیبیا له ڕۆژی شه‌ممه داوای یارمه‌تی زیاتر له فه‌ڕه‌نسا ده‌که‌ن، ڕۆژێک پاش ئه‌وه‌ی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا به ته‌واوه‌تی دانی نه‌نا به دیپلۆماسی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی کاتی ئۆپۆزسیۆندا.
سه‌رۆکی فهڕهنسیا نیکۆلاس سارکۆزی ئه‌مڕۆ شه‌ممه له پاریس له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ری ئه‌و ئه‌نجومه‌نه محمود جبریلدا کۆده‌بێته‌وه. نوێنه‌رانی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی کاتی لیبیا له ڕۆژی هه‌ینی له‌گه‌ڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئه‌مه‌ریکا تام دانیلۆن و کاربه‌ده‌ستانی تر له واشنتۆن کۆبوونه‌وه. پاش کۆبونه‌وه‌که کۆشکی سپی به‌یاننامه‌یه‌کی ده‌رکرد که تیایدا ئه‌و ئه‌نجومه‌نه به ڕه‌واو باوه‌ڕ پێ کراوی ده‌نگی گه‌لی لیبیا له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات، به‌ڵام به‌ته‌واوه‌تی دانی پێدانه‌نان ئه‌وه‌ی که جبریل هه‌وڵێکی زۆری بۆ دابوو.
هاوکات له دره‌نگانێکی ڕؤژی هه‌ینی و سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌دا ته‌قینه‌وه له ترابلسی پایته‌ختی لیبیا به‌رده‌وام بوو.
له ڕۆژی هه‌ینی ڕێبه‌ری لیبیا موعه‌مه‌ر قه‌زافی خه‌ڵکه‌که‌ی خۆی دڵنیا کرد له‌وه‌ی که زیندووه‌و له جێگایه‌که که بۆمبه‌کانی هێزه‌کانی ناتۆی نه‌گه‌نێ. په‌یامێکی ده‌نگی مه‌عه‌مه‌ر قه‌زافی له ته‌له‌فیزیۆنی لیبیا دا ڕاگه‌ێندرا، پاش ئه‌وه‌ی کاربه‌ده‌ستانی ئیتاڵیا ڕایانگه‌یاند که ڕاپۆرتی پشتڕاست نه‌کراو هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ڕه‌نگه موعه‌مه‌ر قه‌زافی بریندار بووبێت پاش هه‌فته‌یه‌کی هێرشه‌کانی ئاسمانی ناتۆ.
له‌لایه‌کی تره‌وه وته‌بێژێکی حکومه‌تی لیبیا مو‌سا ئیبراهیم ڕایگه‌یاند که به‌هۆی هێرشێکی هێزه‌کانی ناتۆ 11 ئیمام له ڕۆژی هه‌یه‌نی له شاری برێگا کوژراون. هاوپه‌یمانانیش وه‌ڵامیان داوه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێن زۆر به وریاییه‌وه هێرشه‌کانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و ته‌نها هێرش ده‌که‌نه سه‌ر بنکه له‌شکرییه‌کان له برێگه.