وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ دەڵێت ڕۆژئاوا بەڵێنەکەیان نەبردۆتەسەر بۆ یارمەتیدان لە هەناردەکردنی خۆراک و پەینی ڕووسیادا بۆ بازاڕەکانی جیهان.
لاڤرۆڤ وتی ڕۆژئاوا سزاکانی کەم نەکردۆتەوە تاوەکو بۆ ڕووسیا ئاسانتر ببێت بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەناردەی دەرەوە بکات. لە مانگی حەوتدا ڕووسیا و ئۆکرانیا بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا ڕێکەوتن لەسەر دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا بۆ بازاڕەکانی جیهان، یەکێک لە هۆکارەکانی گەیشتن بەو ڕێکەوتنەش ئەوە بوو کە نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێنی بە ڕووسیادا کارئاسانی بکات لە هەناردەکردنی بەرهەمە خۆراکییەکانی ڕووسیادا بۆ دەرەوە.
لاڤرۆڤ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە مۆسکۆ وتی " هاوەڵە ڕۆژئاواییەکانمان ئەوە ناکەن کە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێنی پێماندا."
گوتی " ئەوان بڕیارییان نەداوە لەسەر لابردنی سزا لۆجیستیکییەکان کە بوونەتە ڕێگر لەبەردەم دەستڕاگەیشتنی بازاڕەکانی جیهان بە گەنم و پەینی ڕووسیا."
مۆسکۆ دەڵێت سزاکانی ڕۆژئاوا ڕێکخستنی بارەکان و گواستنەوەی بەرهەمەکانی و گرەنتیدان لەسەر پارێزراوی کارگۆکانی قورستر کردووە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی سزاکان ڕاستەوخۆ هەناردەکردنی خۆراک و پەینی ڕووسیایان نەکردۆتە ئامانج.
لاڤرۆڤ گوتی لە پەیوەندییدایە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و داوای لێکردوون دڵنیا ببنەوە لەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا پابەندی بەڵێنەکانیان بن کە لە ڕێکەوتنەکەی مانگی حەوتدا داوییانە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
لاڤرۆڤ: ڕۆژئاوا کارئاسانی ناکات تاوەکو ڕووسیا بەرهەمە خۆراکییەکانی هەناردەی دەرەوە بکات
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ