کوەیت مەخابنی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر بڕیارەکەی ئەمەریکا سەبارەت بە گۆلان

کوەیت مەخابنی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر بڕیارەکەی ئەمەریکا سەبارەت بە دانپێدانانی دەسەڵات ئیسڕائیل بەسەر بەرزاییەکانی گۆلاندا و داوای کرد ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگیردرێت.

وەزارەتی دەرەوەی کوەیت لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەم بڕیارە پێشێلی یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارە یاساییە نێودەوڵەتییەکان دەکات."

وتیشی " ئەم جۆرە بڕیارانە دەبێتە هۆی لەناوبردنی تەواوی هەوڵەکانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە."

لەلایەکی دیکەوە سعودیە بە هەمان شێوە سەرکۆنەی بڕیارەکەی ئەمەریکای کرد و وتی " سعودیە بەتەواوەتی ئەو بڕیارە ڕەت دەکاتەوە کە بەڕێوبەرایەتیەکەی ئەمەریکا ڕایانگەیاند سەبارەت بە دەسەڵاتی ئیسڕائیل بەسەر گۆلانی سوریادا. هەروەها سعودیە جەخت لە هەڵوێستی خۆی دەکاتەوە کە بەرزاییەکانی گۆلان سەر بە خاکی سوریان."

هەروەها بە هەمان شێوە وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین وتی " جەخت لە هەڵوێستی وڵاتەکە دەکەینەوە بەوەی کە بەرزاییەکانی گۆلان سەر بە خاکی سوریان و لە ساڵی 1967 دا ئیسڕائیل دەستی بەسەردا گرتووە، وەکو چۆن لە یاساکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا هاتووە."

وتیشی " جەخت لەوە دەکەینەوە ڕێز لە بڕیارە یاساییە نێودەوڵەتییەکان بگیردرێت." و داوای کرد " پێویستە هەموو لایەنەکان هەموو هەوڵێکی خۆیان بدەن بۆ کۆتای هێنان بە داگیرکاری ئیسڕائیل لە بەرزاییەکانی گۆلانی سوریادا و کشانەوە لە هەموو ئەو شوێنانەی سوریا کە لە ساڵی 1967 دا داگیرکراون، ئەوەش لەپێناو دەستەبەرکردنی ئاشتیەکی تەواو و دادپەروەر و هەمیشەیی لە ناوچەکەدا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز