کۆمپانیای زەبەلاحی دەوڵەتی کوەیت ڕۆژی دووشەممە گرێبەستێکی 15 ساڵەیی واژۆ کرد بۆ وەرگرتنی گازی سروشتی لە قەتەڕەوە، بەڵام باسی لە تێچووی گرێبەستەکە نەکرد.
کۆمپانیای کوەیت پیتڕۆڵیۆم ڕایگەیاند کۆمپانیای قەتەڕ ئێنێرجی بەپێی گرێبەستەکە ساڵانە سێ ملیۆن تەن گازی سروشتی شلکراو بۆ کوەیت دابین دەکات.
بەڕێوبەری جێبەجێکاری کوەیت پێتڕۆڵیۆم شێخ نەواف سعود ئەل سەباح وتی " ئەم گرێبەستە درێژخایەنە لەگەڵ قەتەڕ ئینێرجیدا لە ماوەیەکی کورتدا هاریکارییە درێژخایەنەکەی نێوانمان پشتڕاست دەکاتەوە."
لە ساڵی 2020 دا کوەیت گرێبەستێکی هاوشێوەی لەگەڵ قەتەڕ ئینێرجی دەوڵەتی قەتەڕدا واژۆ کرد.
شێخ نەواف وتیشی گرێبەستەکە " سەرچاوەیەکی پاکتری وزە دابین دەکات " کە لەگەڵ ستراتیژی درێژخایەنی کوەیتدا بۆ گواستنەوەی وزە دەگونجێت.
لە ناوەڕاستی مانگی شەشەوە، کوەیتی دەوڵەمەند بە نەوت ڕێوشوێنی بەشکردنی کارەبای گرتووەتەبەر لە چەندین بینای نیشتەجێبوون و ناوچە پیشەسازییەکاندا، ئەوەش بە مەبەستی خۆ گونجاندن لەگەڵ زیادبوونی بەکارهێنانی کارەبادا لە ماوەی گەرمای هاویندا.
وەزیری وزەی قەتەڕ و بەڕێوبەری جێبەجێکاری قەتەڕ ئینێرجی سەعد ئەل کەعبی وتی " ئەمە هاوبەشییەکی نوێی درێژخایەنە کە بەشێکی گرنگە لە پشتیوانیکردن لە ئامانجەکانی کوەیت بە تایبەتی لە کەرتی بەرهەمهێنانی کارەبادا."
قەتەڕ شان بە شانی ئەمەریکا و ڕووسیا و ئوستڕاڵیا یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی گازی سروشتی شلکراو لە جیهاندا.
سەرچاوە/ فرانس پرێس