بەتۆمەتى بازرگانیکردن لەگەڵ داعش و هەوڵدان بۆ گەیاندنى کەرەستەى ئۆتۆمبێل بەدەست هێزەکانى داعش لە دەوروبەرى حەویجە، تا ئێستا 9 ئەفسەر و پێشمەرگە لە باشورى کەرکوک دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەش بەردەوامى هەیە.
مستەفا چاوڕەش بەرپرسى مەڵبەندى پێشمەرگایەتى یەکێتى، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئەگەر ئەو 9 ئەفسەر و پێشمەرگەیە تۆمەتەکانیان بەسەردا ساغ ببێتەوە نابێت چاویان لێبپۆشرێت و دەبێت رادەستى دادگا بکرێن."
شەوى 29 /12 هێزەکانى پێشمەرگە لە رۆژئاواى داقوق لە باشورى کەرکوک دەستیان بەسەر ژمارەیەک کەرەستەى ئۆتۆمبێل و خۆراکدا گرت ، کە گومان دەکرێت ئەو کەرەستانە لەلایەن کەسێکى بە ڕەگەز عەرەبەوە بۆ هێزەکانى داعش لە دەوروبەرى حەویجە ببرێن.
بەپێى نووسراوێکى لیواى 9 ى هێزى پێشمەرگە کە لیوایەکى هاوبەشە لە هێزەکانى پێشمەرگەى یەکێتى و پارتى، چەند ئەفسەرێکى پێشمەرگە داواکراون لەسەر هۆکارى دەربازبوونى ئەو کەرەستانە لە سەنگەرەکانى پێشمەرگەوە.
دەنگى ئەمەریکا پەیوەندى بە عەمید ئاراس عەبدولقادر فەرماندەى لیواى 9 ى هێزى پێشمەرگەوە کرد ، بەڵام بەبیانوى ئەوەى لێکۆڵینەوە لە مەسەلەکە بەردەوامە ئامادە نەبوو لێدوان بدات.
لاى خۆیەوە ئازاد جەبارى سەرۆکى لیژنەى ئەمنى لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، پێیوایە ئەو کەرەستانەى دەستیان بەسەردا گیراوە و هەوڵدراوە بگەیەنرێتە داعش دەچێتە چوارچێوەى بازرگانیکردن لەگەڵ ئەو رێکخراوە، وتى"ئەمەش خیانەتە."
پێشتریش لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە ژمارەیەک بازرگان و پلەدارى تر بەتۆمەتى بازرگانیکردن لەگەڵ داعش دەستگیرکرابوون، بەڵام تائێستا ئەنجامى لێکۆڵینەوەکان ئاشکرانەکراون.
Your browser doesn’t support HTML5