لە ماوەى 10 رۆژى رابردوودا هێزەکانى پۆلیس 84 کەسیان لە نێو کامپى ئاوارەکانى حەویجەدا لەقەزاى داقوق ى باشورى کەرکوک دەستگیرکردووە ، بەتۆمەتى هەبوونى پەیوەندى لەگەڵ داعش و هاوکارى کردنى ئەو رێکخراوە پێش ئەوەى ئاوارەبن.
عەمید کاوە غەریب فەرماندەى پۆلیسى داقوق لەباشورى کەرکوک ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"زۆربەى دەستگیرکراوەکان دانیان بەوەدا ناوە کە چەکدارى داعش بوون و هاوکارى داعشیان کردووە."
وتیشى"دەستگیرکراوەکان هۆکارى هاوکارى کردنى داعشیان بۆ ئەوە گێراوەتەوە، کەبە زۆرە ملێ پێشتر کراون بەچەکدار و ناچارکراون ببنە داعش."
دەستگیرکراوەکان لەکاتى لێۆڵینەوەدا دانیان بەوەشدا ناوە کە داعش لەسنورى حەویجەى رۆژئاواى کەرکوک ، سەربازگەى بۆ منداڵانى تەمەن 12 ساڵ کردووەتەوە و مەشقى سەربازیان پێدەکات و لەسەر کارى توندوتیژى رایان دەهێنێت.
عەقید روکن تاریق ئەحمەد جێگرى فەرماندەى لیواى 9 ى پێشمەرگە، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"پلانى ئێستاى داعش ناردنى چەکدارەکانیەتى بۆ ناو شارەکان لەرێگەى ئاوارەکانەوە، تا بکەونە پشتەوەى سەنگەرەکانى پێشمەرگە."
لەماوەى ساڵى رابردوودا هەزاران خێزانى نیشتەجێ ى قەزاى حەویجە و ناوچەکانى دەوروبەرى ژێر دەسەڵاتى داعشیان بەرەو سنورى ئیدارەى کەرکوک بەجێهێشتووە، بەوتەى بەرپرسانى کەرکوک لەئێستادا نزیکەى 50 هەزار لەو ناوچانە ماونەتەوە.
Your browser doesn’t support HTML5