ئوردن 44 کەس بەهۆی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان دەستگیر دەکات

ڕۆژی شەممە دەزگای ئاسایشی ئوردن وتی بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی لە وڵاتەکەدا دەیان کەس دەستگیرکراون، ئەوەش دوای ئەوەی ئەفسەرێکی پۆلیس لە میانەی خۆپیشاندانەکاندا بە فیشەک کوژرا.

ڕۆژی پێنجشەممە جێگری سەرۆکی پۆلیسی شاری مەعان کۆلۆنێڵ عەبدول ڕەزاق دەلابە لە شارۆچکەی ئەل حوسەینییە بە فیشەک کوژراوە. بەرپرسان دەڵێن کوشتنەکەی لە میانەی ڕووبەڕووبوونەوەی " پشێوییەکاندا " بووە.

بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی گشتی ئوردن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " 44 کەس کە بەشدارییان لە پشێوییەکاندا کردووە لە کۆمەڵێک هەرێمی وڵاتەکەدا دەستگیرکراون و دەبرێنە بەردەم دادگاکان."

گوتیشی هێزەکانی پشتیوانی ڕەوانەی شارەکان کراون، هەروەها " تێکدەران و لە یاسا دەرچووانی " تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەوەی لە پشت توندوتیژییەکانی مەعانەوە بوون لە باشووری وڵاتەکە.

پاشای ئوردن عەبدوڵای دووەم ڕۆژی هەینی هۆشداریدا و گوتی " هەر کەسێک چەک بە ڕووی دەوڵەتدا بەرز بکاتەوە ئەوا بە توندی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت."

وەزیری ناوخۆی ئوردن مازن ئەل فەرایا بە هەمان شێوە ڕۆژی هەینی وتی " دەزگاکانی ئاسایش کار دەکەن بۆ دەستگیرکردنی تاوانبارەکە و دادگاییکردنی بە زووترین کات."

بەڕێوبەرایەتی گشتی ئاسایش وتی دوو پۆلیسی دیکە لە ئەل حوسەینییە تەقەیان لێکراوە و بریندار بوون.

زیاتر لە هەفتەیەک لەمەوبەر شۆفێرانی تاکسی و بارهەڵگرەکان لە شارەکانی باشووری ئوردن دەستییان کرد بە ناڕەزایی دەربڕین دژی بەرزبوونەوەی نرخەکانی سوتەمەنی لە وڵاتەکەدا.

دواتر شۆفێری پاسەکان و ئەو بازرگانانەی کە ڕۆژی چوارشەممە دوکانەکانیان داخست چوونە پاڵییان و ناڕەزاییان دەربڕی دژی بەرزبوونەوەی نرخەکانی سوتەمەنی.

خۆپیشاندانەکان لەم هەفتەیەدا دەستیان پێکرد کاتێک خۆپیشاندەران شەقامەکانیان بە تایەی سوتێندراو گرت و لە هەندێک ناوچەدا ڕووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش بوونەوە.

نرخەکانی سوتەمەنی لە ئوردن بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا دوو هێندە بوون، بە تایبەتی نرخی دیزڵ کە بارهەڵگر و پاسەکان بەکاریدەهێنن، هەروەها نرخی نەوتی سپیش بۆ گەرمکردنەوە.

حکومەتی ئوردن پێشنیاری گرتنەبەری ڕێوشوێنی فریاگوزاری کردووە، لەوانەش پێشکەشکردنی یارمەتی دارایی بۆ ئەو خێزانانەی کە زۆرترین زیانییان بەرکەوتووە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس