شەش کەس لە ئوردن بە تۆمەتی پەیوەست بە داعش زیندانی دەکرێن

دادگایەکی ئوردن بڕیاری زیندانیکردن و کاری قورسی بۆ 6 کەس داوە، ئەمەش بە تۆمەتی پەیوەست بە داعشەوە.

دادگای ئاسایشی دەوڵەتی ئوردن ئەمڕۆ چوارشەممە بڕیارەکەی ڕاگەیاند و تیایدا تۆمەتی هەوڵی پەیوەندیکردن بە داعشی ئاڕاستەی یەک لە تاوانبارەکان کرد و بەوەش بڕیاری دا بۆ ماوەی 2 ساڵ زیندانی بکرێت و کاری قورسی پـێبکرێت.

پـێنج کەسەکەی دیکە تۆمەتی پـرۆپاگەندە بۆ داعشیان ئاڕاستەکرا، دووانیان کە دوو بران و تەمەنیان لە بیستەکاندایە، هەریەکەیان حوکمی 2 ساڵ زیندانی درا لەگەڵ ئەنجامدانی کاری قورس. سێیانەکەی دیکەیان ئەوانیش بڕیاری 3 ساڵ زیندانی و کاری قورسیان بۆ درا.

جێی ئاماژەیە ئەم دادگایە هەفتانە چەند کەیسی پەیوەست بە گروپە تێرۆرستیەکانی وەکو داعش و بەرەی نوسرەی دەچێتە بەردەم.

دەسەڵاتدارانی ئوردن لە سەرەتای ئەمساڵەوە بڕیاریان دا ڕێوشوێنی توند لە دژی ئەوانە بگرنەبەر کە پـرۆپاگەندە بۆ داعش دەکەن، بە تایبەتی ئەوانەی لەسەر ئنتەرنێت ئەو پـرۆپاگەندانە دەکەن.