سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا لەمیانەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیری هیندستان نارێندرا مۆدی لە نیودەلهی داوای هەوڵێکی یەکگرتوو دەکات لەسەر ئۆکرانیا، هاوکات هەوڵدەدات پەیوەندییە ئەمنییەکان لە سەرانسەری ناوچەی دەریای هیندی و پاسێفیکدا پتەوتر بکات.
کیشیدا پێش سەردانەکەی بۆ هیندستان وتی " لەبەر ئەوەی کە داگیرکارییەکەی ڕووسیا هاوکاتە لەگەڵ ئەم گەشتەدا، دەمەوێت جەخت لە گرنگیی یەکگرتوویی نێودەوڵەتی بکەمەوە و پشتڕاستی بکەمەوە کە ژاپۆن و هیندستان لەسەر کۆمەڵێک بابەتی هەمەجۆر پێکەوە کاردەکەن."
ژاپۆن و هیندستان هەردووکیان ئەندامن لە گفتوگۆی چوارقۆڵی ئاسایشدا کە بە کواد ناسراوە و چوارچێوەیەکی ئاسایشییە و ئەمەریکا و ئوستڕاڵیاش دەگرێتەوە.
ژاپۆن کۆمەڵێک سزای بەسەر کەس و لایەن و ڕێکخراوەکانی ڕووسیادا سەپاندووە و پەنابەرانی ئۆکرانیاش وەردەگرێت. بەڵام هیندستان تەنها ئەندامە لە کواددا کە تاوەکو ئێستا سەرکۆنەی داگیرکارییەکەی ڕووسیای لە ئۆکرانیا نەکردووە.
ئامانجی کیشیدا پتەوکردنی پەیوەندییە ئاسایشیی و ئابوورییەکانیش دەبێت لەگەڵ هیندستاندا.
ڕۆژنامەی نیکێی ژاپۆن وتی پێشبینی دەکرێت کیشیدا لەمیانەی سەردانەکەیدا وەبەرهێنانێکی 5 تریلیۆن یەنی کە دەکاتە 42 ملیار دۆلار لە هیندستان ڕابگەیەنێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز