سه‌رۆک وه‌زیری ژاپۆن ده‌ڵێت وڵاته‌که هێشتا خوازیاره قه‌یرانی ناو‌کی له سازگه‌ی ناو‌کی فوکوشیما له ماوه‌ی 6 بۆ 9 مانگی داهاتوودا چاره‌سه‌ر بکات، سه‌ره‌ڕای ئه‌و به‌ڵگه نوێیانه‌ی که نیشان ده‌ده‌ن ڕووداوه‌که له‌وه خراپتره که پێشتر بیری لێده‌کرایه‌وه.
سه‌رۆک وه‌زیر ناوتۆ کان ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه به کۆمیته‌یه‌کی په‌رله‌مانی گوت به هۆی دوایـین زانیارییه‌کان پێده‌چێت که کارمه‌نده‌کانی ته‌کنیکی بیروڕای خۆیان له‌سه‌ر داخستنی ڕیاکته‌ره‌کان بگۆڕن، به‌ڵام گوتیشی بڕوا ده‌کات بتوانن ئه‌و سازگه‌یه کۆنتڕۆڵ بکه‌ن له هه‌مان ئه‌و کاته‌دا که له 17 ی مانگی چوار ڕایانگه‌یاندبوو.
کۆمپانیای وزه‌ی ئه‌لکتریکی ژاپۆن له ڕۆژی یه‌کشه‌ممه ڕایگه‌یاند بڕوا ده‌کات هه‌موو سووته‌مه‌نی ناو‌کی له یه‌که‌م ڕیاکته‌ری سازگهکه له ماوه‌ی 16 کاتژمێری پاش بومه‌له‌رزه و سونامییه‌که‌ی ئاکامی له 11 ی مانگی سێ‌دا توابێته‌وه.
کۆمپانیای ناوبراو ده‌ڵێت ئه‌و سووته‌مه‌نییه تواوه‌یه هێشتا به ئاو داپۆشراوه و سارد ده‌کرێته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و درزه بچوکانه‌ی له خواره‌وه‌ی به‌شی فشار دروست بووه تیشکی ناو‌کی زۆری لێ ده‌چێت.