سوریا: هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسڕائیل زیانی بە فڕۆکەخانەی حەلەب گەیاندووە

وەزارەتی بەرگری سوریا دەڵێت هێرشە ئاسمانییەکەی ڕۆژی سێشەممەی ئیسڕائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەی حەلەب زیانی بە ڕێڕەوی فڕینی فڕۆکەخانەکە گەیاندووە و فڕۆکەخانەکە ناچار بووە خزمەتگوزارییەکانی ڕابگرێت.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند هێرشە موشەکییەکەی ئیسڕائیل لە دەریای ناوەند لە ڕۆژئاوای شاری لازقییەوە ئەنجام دراوە.

دەزگای هەواڵی سانای سوریا گوتی بەرگرییەکانی ئاسمانی سوریا بەرپەرچی کۆمەڵێک موشەکی ئیسڕائیلییان داوەتەوە و هەندێکیانیان خستۆتە خوارەوە.

بەپێی دەزگای ڕاگەیاندنی سوریا، ئەمە دووەمین هێرشی موشەکی ئیسڕائیلە لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا، لە 31 ی مانگی هەشتدا ئیسڕائیل موشەکی ئاڕاستەی فڕۆکەخانەکە کرد کە بووە هۆی کەوتنەوەی زیانی ماددی لە فڕۆکەخانەکەدا.

سەرچاوە هەواڵگری و دیبلۆماتییەکان دەڵێن ئیسڕائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی سوریا زیاتر کردووە تاوەکو تواناکانی تاران بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەکان بۆ گواستنەوەی پێویستییەکان و چەک بۆ هاوپەیمانەکانی لە سوریا و لوبنان تێک بدات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز