سوریا دەڵێت بەرپەرچی هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلی داوەتەوە

سوریا ڕایگەیاند بەرپەرچی هێرشێکی موشەکی ئیسڕائیلی داوەتەوە، پۆلیسی ئیسڕائیلیش وتی پارچەی موشەکێکی دژە فڕۆکەی سوریا لە شارۆچکەیەکی دوورە دەستی ئیسڕائیل کەوتۆتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.

لەم چەند مانگەی ڕابردوودا ئیسڕائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر فڕۆکەخانە و بنکە سەربازییەکانی سوریا زیاتر کردووە، ئەوەش لە پێناو تێکدانی بەکارهێنانی بەرچاوی فڕۆکەخانەکانی سوریا لەلایەن ئێرانەوە بەمەبەستی گواستنەوەی چەکەکانییان بۆ گروپە چەکدارییەکانی ناو سوریا و لوبنان، بە حیزبوڵای لوبنانیشەوە.

دەزگای هەواڵی سوریا وتی سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی سوریا لە سەرانسەری ناوەڕاستی وڵاتەکەدا بەرپەرچی موشەکەکانی ئیسڕائیلییان داوەتەوە، زۆربەی موشەکەکانییان خستۆتە خوارەوە. سوپای سوریا لە بەیاننامەیەکدا وتی موشەکەکان بەسەر بەشێکی بەیروتی پایتەختی لوبناندا فڕیون و لە چەند شوێنێکی دەوروبەری شاری حومسییان داوە، تەنها زیانی ماددییان لێکەوتۆتەوە.

ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە دەستبەجێ ئەو هەواڵە پشتڕاست بکاتەوە.

وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل وتی فڕۆکە جەنگییەکان لە ئامانجەکانی ناو سوریایان داوە، بە سیستمێکی بەرگری ئاسمانی سوریاشەوە کە لەوێوە موشەکێکی دژە فڕۆکە بە ئاڕاستەی ئیسڕائیل هەڵدراوە.

پۆلیسی ئیسڕائیل وتی دوای ئەوەی دەنگی تەقینەوەیەک لە ئاسماندا بیسترا، پارچەی موشەکە سورییەکە لە ڕاهات کەوتۆتە خوارەوە، هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز