بەپێی بەرپرسێکی ڕۆژئاوایی و سەرچاوەیەکی فەلەستینی و دوو سەرچاوەی میسڕی، ئیسڕائیل هەوڵی گۆڕانکاری دەدات لە پلانی ئاگربەستی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان کە لەلایەن حەماسەوە گیراون، ئەمەش ڕێککەوتنێکی کۆتایی ئاڵۆز دەکات کە هەوڵی بۆ دراوە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕە نۆ مانگەییەکە کە بووەتە وێرانکاری لە کەرتی غەززەدا.
چوار سەرچاوەکە بە ڕۆیتەرزییان ڕاگەیاندووە ئیسڕائیل دەڵێت کاتێک ئاگربەستەکە دەستپێدەکات دەبێت ئەو فەلەستینییانەی کە دەگەڕێنەوە بۆ باکووری غەززە سەرەتا پشکنینییان بۆ بکرێت، ئەمەش پاشگەزبوونەوەیەکە لە ڕێککەوتنەکە بۆ ڕێگەدان بە گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییانەی کە هەڵاتوون بۆ باشوور ئازادانە بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان.
دیپلۆماتکارە ڕۆژئاواییەکە وتی دانوستکارانی ئیسڕائیلی " میکانیزمێکی پشکنینییان " دەوێت بۆ دانیشتوانی سڤیل پێش ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ باکووری غەززە، ئیسڕائیلییەکان دەترسن ئەم خەڵکانە " یارمەتی ئەو چەکدارانەی حەماس بدەن کە هێشتا لە باکوور ماونەتەوە و خۆیان حەشارداوە."
بەپێی سەرچاوە فەلەستینی و میسڕییەکان، حەماس ئەم داوا نوێیەی ئیسڕائیلی ڕەت کردووەتەوە، بەڵام بەرپرسێکی باڵای ئیسڕائیل وتی حەماس هێشتا پێشنیارە نوێیەکانی نەبینیوە کە پێشبینی دەکرێت لە " چەند کاتژمێری داهاتوودا " بڵاوبکرێنەوە.
بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە، وتی " پەیامەکان لە حەماسەوە سەیرن چونکە ئێمە هێشتا نەمان ناردووە، هێشتا کەس نەیخوێندووەتەوە. تەنانەت دانوستکارانیش هێشتا دەستییان نەکەوتووە. ئەوان دەیخوێننەوە و دواتر دەیگوازنەوە بۆ حەماس تاوەکو وەڵام بداتەوە."
سەرچاوە میسڕییەکان وتییان خاڵێکی دیکە هەیە لەسەر داواکەی ئیسڕائیل بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنووری نێوان غەززە و میسڕ، کە قاهیرە ڕەتی کردووەتەوە و وتوویەتی لە دەرەوەی چوارچێوەی کاری ڕێککەوتنە کۆتاییەکەیە کە لەلایەن ئیسڕائیل و حەماسەوە پەسەند کراوە.
بەرپرسێکی باڵای حەماس سامی ئەبو زوهری کە ڕاستەخۆ لێدوانی لەسەر داواکانی ئیسڕائیل نەدا، وتی " نەتانیاهو هێشتا دوایدەخات. تاوەکو ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستیدا نیە."
هەواڵەکان لەسەر ئەم خاڵانە لە کاتێکدا بوو کە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن فشاری بۆ ئاگربەستێک کرد لە گفتوگۆکانی ڕۆژی پێنجشەممەدا لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهودا لە واشنتن لەسەر گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.
وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کێربی وتی " ئێستا لە هەموو کات زیاتر نزیکتر بووینەتەوە."
نەتانیاهو ڕۆژی چوارشەممە لە وتارێکیدا بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا وتی ئیسڕائیل بەشدارە " لە هەوڵێکی چڕدا " بۆ دڵنیابوونەوە لە ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لە غەززە گیراون.
ئەمەریکا و قەتەڕ و میسڕ نێوەندگرییان کردووە لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا کە ئامانج لێیان گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان، هەروەها کار لەسەر چوارچێوەیەکی کار دەکەن لەسەر پێشنیارێکی ئیسڕائیل بۆ ئاگربەست کە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕایگەیاندووە، بایدن داوای لە هەردوولا کردووە ناکۆکییەکانی نێوانییان لەسەر پلانەکە چارەسەر بکەن.
پلانەکە داوای سێ قۆناغ دەکات، قۆناغی یەکەم ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی و ئازادکردنی بارمتە ژن و بەساڵاچوو و بریندارەکان لە خۆدەگرێت، لە بەرامبەر ئەوەشدا ئازادکردنی زیندانییە فەلەستینییەکان لە زیندانەکانی ئیسڕائیل.
قۆناغی دووەم گفتوگۆکردن دەبێت لەسەر ئەوەی کە بایدن بە " کۆتایی هێنانێکی هەمیشەیی بە ململانێکان " ناوی دەبات، گفتوگۆکان لەسەر قۆناغی دووەم لە ماوەی قۆناغی یەکەمدا بەردەوام دەبن. ئاوەدانکردنەوەش لە قۆناغی سێیەمدا دەستپێدەکات.
بەرپرسانی ئەمەریکا چەندین هەفتەیە دەڵێن ڕێککەوتن نزیک بووەتەوە، بەڵام بەربەستەکان هێشتا ماونەتەوە.
سەرچاوە میسڕی و ڕۆژئاواییەکان دەڵێن بەرپرسانی ئیسڕائیل پێشتر لەم مانگەدا لە کۆتا دانیشتندا لە قاهیرە داوای میکانیزمێکییان کردووە بۆ پشکنینی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەی کە دەگەڕێنەوە بۆ باکووری غەززە، بەرپرسەکەی ڕۆژئاوا وتی " ئەمە پێشبینی کراو نەبوو."
بەرپرسەکە وتی ئیسڕائیل نیگەرانە نەک تەنها لەوەی چەکدارانی حەماس بگەڕێنەوە بۆ باکوور، بەڵکو " چەکدارەکانی " نێو هاووڵاتییانی سڤیلیش کە بە نهێنی پشتیوانی لە حەماس دەکەن.
بەرپرسەکە و سێ سەرچاوەی دیکە وتییان ئیسڕائیلییەکان دوودڵیش بوون لە کشانەوەی هێزەکانییان لە 14 کیلۆمەتری خاکی غەززە، لەسەر سنووری میسڕ، کە لەلایەن ئیسڕائیلەوە بە ڕێڕەوی فیلادیلفیا ناودەبرێت.
بەرپرسە ڕۆژئاواییەکە وتی لە دوایین چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەوڵەکان لەسەر ئەو پرسە بوون، ئەوەش یان ئەوەتا لە ڕێی کشانەوەی ئیسڕائیلەوە " یاخود دەکرێت تێگەیشتنێک هەبێت لەسەر ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەوەدا بکرێت."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ئیسرائیل بەدوای گۆڕانکاریدایە لە پلانی ئاگربەستی غەززەدا و ئەمەش گفتوگۆکان ئاڵۆزتر دەکات
ئاپاچییەکی سوپای ئیسڕائیل موشەک بە ئاڕاستەی غەززە هەڵدەدات