فەڵەستینییەکان دەڵێن دوو فەڵەستینی لە هێرشەکانی سەر کەناری ڕۆژئاوادا کوژراون

سەرچاوە فەڵەستینییەکان دەڵێن دوو هاوڵاتی فەڵەستینی کە یەکێکیان 17 ساڵ بووە لە ماوەی شەڕ و پێکدادانەکاندا لەگەڵ هێزەکانی ئیسڕائیل لە نزیک شاری جینینی کەناری ڕۆژئاوا بە فیشەک کوژراون.

سوپای ئیسڕائیل لە بەیاننامەیەکدا ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردەوە کە سەربازەکانی لەو ناوچەیەدا ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامداوە بۆ لە ناوبردنی ماڵی چەند چەکدارێک کە ئیسڕائیل دەڵێت دەستیان هەبووە لە کوشتنی سەربازێکی ئیسڕائیلیدا لە ساڵی ڕابردوودا.

بەڵام ئاماژەی بە کوژرانی هیچ کەسێک نەدا.

لە ساڵی ڕابردوودا بۆ یەکەمین جار لە دوای زیاتر لە 10 ساڵ کەناری ڕۆژئاوا زۆرترین توندوتیژی بە خۆیەوە بینی، زۆربەی توندوتیژییەکانیش لە دەوروبەری نابلوس و نزیک شاری جینین بوون، لانیکەم 150 فەڵەستینی و زیاتر لە 20 ئیسڕائیلی کوژراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز