ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جێرنڵ ڕۆژی دووشەممە گرێبەستێکی نێون ئیسڕائیل و کۆریای باکووری ئاشکرا کرد، تیایدا پیۆنگیانگ داوای لە تەل ئەڤیڤ کردووە یەک ملیار دۆلاری بداتێ لەبەرامبەردا ئەویش تەکنەلۆجیای موشەک بە ئێران نافرۆشێت.
گرێبەستەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1999 کاتێک باڵیۆزی کۆریای باکوور لە سوید پێشنیارێکی کرد بۆ هاوتا ئیسڕائیلییەکەی، پێشنیارەکەش ئەوە بوو ئیسڕائیل یەک ملیار دۆلار بداتە پیۆنگیانگ و لەبەرامبەردا کۆریای باکوور فرۆشتنی تەکنەلۆجیای موشەک بە ئێران ڕادەگرێت.
حکومەتی ئیسڕائیل داواکەی کۆریای باکووری ڕەت کردەوە، دوای چەند ڕۆژێک لە جیاتی ئەوە یارمەتی خۆراکی نارد بۆ پیۆنگیانگ، لەو خاڵەدا دانوستاندنەکانی نێوانیان وەستان و بەبێ گەیشتن بە هیچ ڕێکەوتنێک کۆتایی پێهات.
وردەکاری گرێبەستەکە لەلایەن دیبلۆماتکارێکی باڵای کۆریای باکوور بە ناوی پا یۆنگ هووە گێڕدراوەتەوە کە لەو کاتەدا وەرگێڕ بووە لە کۆبوونەوەکەی نێوان باڵیۆزی ئیسڕائیل لە سوید جەدعون بن عامی و نوێنەری کۆریای باکوور لە سویدسون مو سیندا.
دیبلۆماتکارێکی پێشووی کۆریای باکوور بە ناوی یۆنگ هووەوە کە لە ساڵی 2016 دا لە کۆریای باکوور هەڵهات و بەرەو کۆریای باشوور ڕۆیشت، ئاشکرای کرد کە چۆن پیۆنگیانگ بابەتی چەکی کۆمەڵکوژی بەکارهێناوە بۆ وەرگرتنی پارە بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ناوەکییەکەی.
لەکاتێکدا حکومەتی ئیسڕائیل ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر ئەم زانیارییانە بدات، بن عامی هەفتەی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا وتی لە ساڵی 1999 دا سێ کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی کۆریای باکوور ئەنجامداوە لە سوید. بەڵام ئاماژەی بە پێشنیارەکەی پیۆنگیانگ نەدا سەبارەت بە یەک ملیار دۆلارەکە.
بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە ئاشکرا کران، تیایاندا هاتووە ئەمەریکا و کۆریای باکوور دانوستاندنیان کردووە سەبارەت بە هەناردەکردنی موشەک لەلایەن کۆریای باکوورەوە، لە کاتێکدا کە بەرپرسانی ئیسڕائیلی و کۆریای باکوور گفتوگۆیان ئەنجامداوە.
بەپێی یەکێک لە بەڵگەنامەکان لەو گفتوگۆیانەدا لەگەڵ ئەمەریکا، کۆریای باکوور ئاماژەی بەوەداوە کە ئامادەیە هەناردەکانی موشەک ڕابگرێت ئەگەر بەرژەوەندییەکی دارایی هەبێت قەرەبووی ئەو پارەیە بکاتەوە کە لە فرۆشتنی تەکنەلۆجیای موشەکدا هەیە.
سەرچاوە/ سکای نیوز