سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو ڕۆژی هەینی وتی ئیسڕائیل بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆکردن لەسەر پێشنیارەکانی ئاگربەست لە لوبنان، ئەمەش لە کاتێکدا کە واشنتن هۆشداریدا لەسەر ئەوەی پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان تەنها گەڕانەوەی هاووڵاتیانی سڤیل لە هەردوولاوە بۆ ماڵەکانی خۆیان قوستر دەکات.
ڕۆژی پێنجشەممە وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل داوا جیهانییەکانی ڕەت کردەوە بۆ ئاگربەست لەگەڵ حزبوڵای لوبناندا و ئیسڕائیل بەردەوام بوو لە هێرشە ئاسمانییەکانی کە بووەتە هۆی کوژرانی سەدان کە لە لوبناندا.
سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی شیبای سنووری لوبنان محەمەد سەعب بە ڕۆیتەرزی وت ڕۆژی هەینی لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلدا لە شارۆچکەکە نۆ ئەندامی خێزانێک کوژراون، چوار منداڵیشیان تێدا بووە. وەزارەتی تەندروستی لوبنان دەڵێت لە ڕۆژی دووشەممەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 600 کەس لە لوبنان کوژراون.
ڕۆژی هەینی حزبوڵا وتی ڕۆکێتییان بە ئاڕاستەی ئیسڕائیل هەڵداوە دژی کیریات ئەتای نزیک شاری حەیفا کە نزیکەی 30 کم لە سنووری نێوان ئیسڕائیل و لوبنانەوە دوورە. هەروەها شاری تیبیریاسیشیان کردووەتە ئامانج. حزبوڵا ئاماژەی بەوەدا کە ئەم هێرشانە وەڵامێکن بۆ هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر گوند و شارەکان و هاووڵاتیانی سڤیل.
هەرچەندە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل زۆربەی ڕۆکێتەکانی حزبوڵا دەخەنە خوارەوە، بەڵام هێرشەکان ژیانی ئاسایی ڕۆژانەی زۆربەی هاووڵاتیانی ناوچەکانی باکووری ئیسڕائیلییان تێکداوە.
سوپای ئیسڕائیل وتی بەرپەرچی چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان داوەتەوە کە لە خاکی لوبنانەوە هاتوونەتە ناو ئاسمانی ئیسڕائیلەوە لە دەرەوەی کەناری ڕۆش هانیکرای سەر سنووری لوبنان.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا