ئیسڕائیل ئێران تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی بەکارهێنانی کەشتی مەدەنی ' وەکو بنکەی تیرۆری سەرئاوکەوتوو '

وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانت

ئیسڕائیل سوپای پاسدارانی ئێرانی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی گۆڕینی کەشتییە مەدەنییەکان بۆ سەکۆیەک بۆ ئەنجامدانی هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، وتی ئامانج لێی بڵاوکردنەوەی کاریگەرییە نهێنییە دەریاییەکانی تارانە بە دەرەوەی کەنداویشدا.

لێدوانەکەی لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ئیسڕائیل و ئێران زیادییان کردووە، ئەوەش بەهۆی هەڵمەتە ئەتۆمییەکەی ئێران و پشتیوانیکردنی گروپە چەکدارییە فەڵەستینی و لوبنانییەکان لەلایەن ئێرانەوە.

گالانت لە کۆڕبەندی ئاسایشی هێرزلیادا کۆمەڵێک وێنەی پیشاندا کە تیایاندا گوایە شەش کەشتی ئێرانین و وتی " ئەمانە بنکەی سەرئاوکەوتووی تیرۆرن " و یەکێکیان لەمدواییانەدا بەرەو کەنداوی عەدەن ڕۆیشتووە.

وتیشی " ئەمە ڕاستەوخۆ دوای ئەو تیرۆری دەریاییە دێت کە ئێران بەسەر کەنداوی فارس و دەریای عەرەبیدا دەیسەپێنێت. کاردەکات بۆ فراوانکردنی چالاکییەکانی بۆ زەریای هیندیش، دواتر بۆ دەریای سوور و دەریای ناوەندیش."

تاوەکو ئێستا ئێران وەڵامی ئەو لێدوانەی گالانتی نەداوەتەوە.

لەم دوو ساڵەی ڕابردوودا ئێران و ئیسڕائیل بەردەوام یەکترییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەنجامدانی کۆمەڵێک هێرش بۆ سەر کەشتییەکان لە کەنداو، بەڵام هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانەی ڕانەگەیاندووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز