ئیسرائیل لە بەکارهێنانی چەکی ئەمەریکایی لە غەززە "پێدەچێت یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردبێت"

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی 10ی مانگی پێنج لە ڕاپۆرتێکی فەرمیدا ڕایگەیاند کە ڕەنگە ئیسرائیل بە ڕێگەی چەکی ئەمەریکاییەوە لە شەڕی غەززە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردبێت.

بەڵام ڕاپۆرتە چاوەڕوانکراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی نەیتوانیوە " بگاتە دەرەنجامێکی کۆتایی " و ئاماژەی بەوە نەدا هەناردەکردنی بارەکانی چەک بۆ ئیسڕائیل ڕادەگرێت یاخود نا.

پێشتر لەم مانگەدا پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئیسڕائیل گرژییان تێکەوت دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی گەیاندنی هەندێک لە چەکەکان بۆ ئیسڕائیل ڕادەگرێت ئەگەر ئیسڕائیل بەردەوام بێت لە پلانەکانی بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ڕەفەحی باشووری غەززە.

ئەمەریکا هۆشداری داوە لەسەر ئەوەی ئەگەر ئیسڕائیل هێرش بکاتە سەر ڕەفەح کە نزیکەی 1.4 ملیۆن هاووڵاتی فەلەستینی وەکو پەناگە بەکارییان هێناوە، ئەوا ئەو زیانەی کە بە ناوبانگی ئیسڕائیل دەگات زۆر زۆر زیاتر دەبێت لە هەر دەستکەوتێکی سەربازیی.

ڕۆژی هەینی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش وتی غەززە مەترسی "کارەساتێکی مرۆیی گەورەی " لەسەرە ئەگەر ئیسڕائیل هێرشێکی زەمینی بەرفراوان بکاتە سەر ڕەفەح، هاوکات فەڕەنسا داوای لە ئیسڕائیل کردووە " بە بێ دواکەوتن " ئۆپەراسیۆنەکانی لە ڕەفەح ڕابگرێت.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل چەندین جار وتوویەتی ئەگەر ئیسڕائیل هێزی سەربازیی پیادە ڕەوانەی ڕەفەح نەکات و چەکدارانی حەماس لەو شارەدا لە ناونەبات ئەوا ناتوانێت شکست بە حەماس بهێنێت و مەترسی دووبارە بوونەوەی هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 ی حەماسی بۆ سەر ئیسڕائیل لەسەر دروست دەبێت.

ڕۆژی پێنجشەممە نەتانیاهو ڕایگەیاند " ئەگەر ناچار بین بە تەنها بوەستین، ئەوا بە تەنها دەوەستین."

ڕۆژی هەینی کۆشکی سپی دووبارە ناڕەزایی خۆی دەربڕی، بەڵام وتی هێشتا هیچ ئۆپەراسیۆنێکی گەورە لە شارەکەدا ئەنجام نەدراوە.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی جۆن کێربی وتی " بێگومان بە نیگەرانییەوە چاودێری دۆخەکە دەکەین، بەڵام ناتوانم بڵێم ئەوەی کە لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا بینیومانە ئاماژەیە لەسەر ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی گەورە."

پێشتر لەم هەفتەیەدا هێزە پیادەکانی ئیسڕائیل ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری ڕەفەحییان کۆنتڕۆڵ کرد، بە خاڵی سنووری ڕەفەحیشەوە لە دیوی فەلەستینییەکانەوە. بەڵام هێشتا بە تەواوەتی نەچوونەتە ناو شارەکەوە.

⁠ململانێیەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل و حەماس لە دوای هێرشە تیرۆریستییەکەی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەر دەستیپێکرد کە تێیدا هەزار و 200 کەس لە ئیسرائیل کوژران. ⁠ ⁠ ⁠

سەرچاوە/ فرانس پرێس