هەڵوێستی نوێی حەماس سەبارەت بە چارەنووسی بارمتە ئیسرائیلییەکان

بەرپرسێکی حەماس ئازادکردنی بارمتەکان لە غەزە دەبەستێتەوە بە ئاگربەستێکەوە کە تێیدا بۆردومانەکانی ئیسڕائیل دژی غەزە بوەستێت.

ئیسڕائیل دەڵێت ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی زەمینی بۆ سەر غەزە، بەڵام لەلایەن ئەمەریکا و وڵاتانی عەرەبییەوە داوای لێکراوە ئەو ئۆپەراسیۆنە ڕابگرێت کە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ڕێژەی کوژرانی هاووڵاتیانی سڤیل لە غەزە دوو هێندە ببێت و لەوانەشە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی ململانێیەکی بەرفراوانتر لە ناوچەکەدا.

ڕۆژی هەینی دوو فڕۆکەی شەڕکەری ئەمەریکایی شوێنەکانی چەک و تەقەمەنییان لە سوریا کردە ئامانج، ئەوەش وەکو تۆڵەکردنەوەیەک لە هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە.

ڕۆژی هەینی ڕاپرسییەک بڵاوبووەوە و تێیدا دەردەکەوێت نزیکەی نیوەی ئیسڕائیلییەکان دەیانەوێت جارێ هێرشە زەمینییەکە ئەنجام نەدرێت، ئەوەش لە ترسی ئەو 224 بارمتەیەی کە هێشتا لە غەزە گیراون.

ڕۆژنامەی کۆمەرسانتی ڕووسیا لە زاری چەند ئەندامێکی شاندێکی حەماسەوە کە سەردانی مۆسکۆیان کردووە بڵاویکردەوە، کاتمان پێویستە بۆ گواستنەوەی سەرجەم ئەو کەسانەی کە لە هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 دا لەلایەن گروپە جۆراوجۆرەکانی فەڵەستینییەکانەوە ڕفێندراون.

ئەبو حامید وتی "دەیان کەسییان گرتووە، زۆربەیان هاووڵاتی سڤیلن، پێویستمان بە کاتە بۆ دۆزینەوەیان لە کەرتی غەزە و دواتر ئازادکردنییان."

وتیشی حەماس کە تاوەکو ئێستا چوار بارمتەی ئازاد کردووە، ڕوونی کردووەتەوە کە نیازی هەیە " زیندانییە سڤیلەکان " ئازاد بکات.

وتی بەڵام ئەوە پێویستی بە " ژینگەیەکی ئارام " هەیە، هەروەها جەختیشی لەوە کردەوە بۆردومانەکانی ئیسڕائیل 50 کەسییان لەو بارمتانە کوشتووە.

دەزگایەکی ڕاگەیاندنی سەر بە حەماس دەڵێت چەکدارە فەڵەستینییەکان لە لانیکەم دوو ناوچەی ناو کەرتی غەزە ڕووبەڕووی هێزەکانی ئیسڕائیل بوونەتەوە، بەڵام سوپای ئیسڕائیل ئەو ڕاپۆرتەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

لیوای ئەل قەسامی حەماس وتی هێزەکانی ئیسڕائیل هەوڵییان داوە لە کەنارێکی باشووری کۆتایی کەرتی غەزە بنیشنەوە.

ئیسڕائیل ڕایگەیاند فڕۆکە شەڕکەرەکانی سێ ئەندامی باڵای حەماسییان کردووەتە ئامانج کە ڕۆڵی گرنگییان هەبووە لە هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 دا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز