ئیسڕائیل تەرمی 6 بارمتە لە غەززە دەدۆزێتەوە

ڕۆژی یەکشەممە ئیسڕائیل وتی تەرمی شەش بارمتەی لە غەززە دۆزیوەتەوە، بە پیاوێکی گەنجی ئیسڕائیلی – ئەمەریکاییشەوە کە بووە یەکێک لە دیارترین ئەو کەسانەی کە لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران چونکە دایک و باوکی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهاندا کۆبوونەوە و داوای ئازادکردنی کوڕەکەیان کرد.

سوپای ئیسڕائیل وتی شەش بارمتەکە دەستبەجێ بە ماوەیەکی کورت دوای گەیشتنی هێزەکانی ئیسڕائیل کوژراون. دۆزینەوەیان بووە هۆی داواکردنی خۆپیشاندانی سەرتاسەری دژی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو، کە زۆرێک لە ئیسڕائیلییەکان لۆمەی دەکەن لەسەر شکستهێنان لە گەڕاندنەوەی بارمتەکان بە زیندوویی لە ڕێککەوتنێکدا لەگەڵ حەماس بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگە 10 مانگییەکەی ناو غەززە. چەندین مانگە گفتوگۆ لەسەر ئەو جۆرە ڕێککەوتنە دەکرێت بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامی نەبووە.

نەتانیاهو وتی ئیسڕائیل سزای حەماس دەدات لەسەر کوشتنی بارمتەکان و حەماسی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی کۆسپ خستنە بەردەم گفتوگۆکان، وتی " هەر کەسێک بارمتەکان بکوژێت ڕێککەوتنی ناوێت."

چەکدارانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و نزیکەی 250 کەسییان بە بارمتە گرت. هێرش گۆڵدبێرگ پۆڵینی تەمەن 23 ساڵ و بارمتەکانی دیکەیان لە ڤیستیڤاڵێکی میوزیکدا لە باشووری ئیسڕائیل ڕفاند.

پۆڵین خەڵکی کالیفۆرنیایە و لەو هێرشەدا دەستی چەپی لە دەستدا. لە مانگی چواردا حەماس ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە پیشانی دەدات پۆڵین لە ژیاندا ماوە بەڵام دەستی چەپی نەماوە، ئەوەش بووە هۆی خۆپیشاندانی نوێ لە ئیسڕائیل و تێیدا داوا لە حکومەت کرا کاری زیاتر بکات بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.

سوپای ئیسڕائیل وتی لاشەی بارمتەکان لە تونێلێک لە شاری ڕەفەحی باشووری غەززە دۆزراونەتەوە، نزیکەی کیلۆمەترێک دوور لەو شوێنەوە کە هەفتەی ڕابردوو بارمتەیەکی دیکەی تێدا ئازاد کرا.

وتەبێژێکی سەربازیی ئیسڕائیل وتی سوپا باوەڕی وایە ئەو شوێنە بارمتەی لێیە بەڵام زانیارییەکی هەواڵگری دیاریکراوییان نیە. وتی هێزەکانی ئیسڕائیل چەند مەترێک لە ژێر زەوییەکەوە لاشەکانی دۆزیوەتەوە لە کاتێکدا کە شەڕ لەو ناوچەیە بەردەوام بووە، بەڵام لە تونێلەکەدا شەڕ نەبووە.

وتی هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە حەماس ئەوانی کوشتووە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا/AP