ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی تەقینەوە خۆکوژییەکەی پاکستان ڕادەگەیەنێت

ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی سەر گردبوونەوەیەکی پارتی جامیعەت عولەما ئیسلام فازلی لە پاکستان ڕاگەیاند، پارتەکە بەوە ناسراوە پەیوەندیی هەیە بە ئیسلامییە توندڕەوەکانەوە بەڵام سەرکۆنەی هێرشی گروپە چەکدارییەکان دەکات کە مەبەست لێیان دوورخستەوەی حکومەتە.

پارتەکە هاوپەیمانی حکومەتە هاوبەشەکەی سەرۆک وەزیری پاکستان شەهباز شەریفە، شەهباز خەریکی خۆ ئامادەکردنە بۆ هەڵبژاردنەکانی گشتی کە دەبێت لە مانگی یانزەدا بەڕێوەبچێت.

شەریف سەرکۆنەی تەقینەوەکەی کرد کە چەند مانگێک دوای گرژییە سیاسیی و قەیرانە ئابوورییەکانی وڵاتەکە هات، شەریف هێرشەکەی بە هێرشێک بۆ سەر پڕۆسەی دیموکراسی ناوبرد.

دەزگای هەواڵی ئەعماقی سەر بە ڕێکخراوی داعش وتی دیموکراسی دوژمنایەتی ئیسلام دەکات.

دەزگاکە وتی " هێرشەکە لە چوارچێوەیەکی سروشتیی جەنگە بەردەوامەکەی ڕێکخراوی داعشدا دێت دژی دیموکراسی کە دوژمنایەتی ئیسلام دەکات. "

بەرپرسێکی پاکستان ڕۆژی سێشەممە وتی ژمارەی قوربانییەکان بەهۆی تەقینەوە خۆکوژییەکەوە بەرزبووەتەوە بۆ 56 کەس.

سەرچاوە / ڕۆیتەرز