چەند سەرچاوەیەک دەڵێن داعش له ناوچه‌ى به‌شیره‌وه نزیكه‌ى 40 بۆمبى ئاڕاسته‌ى ناحیه‌ى تازه خورماتووى باشورى كه‌ركوک كردووە و به‌و هۆیه‌وه زیاتر له 30 كه‌سى دانیشتوى ناحیه‌كه ڕه‌وانه‌ى نه‌خۆشخانه‌كراون و گومان ده‌كرێت بۆمبه‌كان ماده‌ى كیمیاییان له‌گه‌ڵدا بووبێت.
سۆران جه‌لال به‌رپرسى به‌رگرى شارستانى ناحیه‌ى تازه ، به ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند"شوێنى بۆمبه‌كانى داعش ره‌ش بوونه‌ته‌وه و بۆمبه‌كان جۆره بۆنێكیان پێوه بووه كه وه‌كو بۆنى سیر وابووه".
به‌رپرسى به‌رگرى شارستانى ناحیه‌ى تازه، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد ژماره‌یه‌ک له دانیشتوانى ناحیه‌ى تازه توشى ته‌نگه‌نه‌فه‌سى و روومه‌ت سووربوونه‌وه و چاوكزانه‌وه هاتوون ، وتى"تیمێكى پسپۆر پشكنینیان بۆ بۆمبه‌كان كردووه ده‌ركه‌ووتووه ماده‌ى كیمیاییان له‌گه‌ڵدا بووه."
جه‌ختیشیكرده‌وه"به‌پێى پشكنینى تیمه‌كه ده‌ركه‌وتووه جۆرى ئه‌و ماده‌یه‌ى داعش بهبۆمبهوه ناویه‌ته ناحیه‌ى تازه ، خه‌رده‌ل و HT ه".
له‌لایه‌كى تره‌وه لیوا محه‌مه‌د قادر فه‌رمانده‌ى پێشمه‌رگه له‌باشورى كه‌ركوك، به ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند"به‌هۆى بۆردومانى داعشه‌وه 30 كه‌س برینداربوون و ، 5 له‌برینداره‌كان پێیانه‌وه دیاره كه به‌ركه‌وته‌ى ماده‌ى كیمیایین."
بۆمب باران كردنى ناحیه‌ى تازه‌ى باشورى كه‌ركوك كه 99%ى دانیشتوانه‌كه‌ى توركمانى شیعه‌ن ، له كاتێكدایه حكومه‌تى عێراق هێزێكى گه‌وره‌ى حه‌شدى شه‌عبى ره‌وانه‌ى ناحیه‌كه كردووه بۆ هێرشكردنه سه‌ر گوندى به‌شیرى رۆژهه‌ڵاتى ناحیه‌ى تازه و ده‌رهێنانى له‌بن ده‌ستى داعش.
عه‌مید سه‌رحه‌د قادر به‌رێوه‌به‌رى پۆلیسى قه‌زاو ناحیه‌كانى كه‌ركوك، ئاماده‌نه‌بوو جۆرى ئه‌و ماده ئاشكرا بكات كه ئاڕاسته‌ى تازه كراوه، به ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند"سه‌رجه‌م ئه‌و بۆمبانه‌ى كه ئاڕاسته‌ى ناحیه‌ى تازه كراون له ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى داعشه‌وه ته‌قێنراون."
پێشتر حه‌شدى شه‌عبى و پێشمه‌رگه هێرشكردنه سه‌ر داعشیان له گوندى به‌شیر دواخست ، به‌ڵام پێده‌چێت بۆمببارانكردنى ناحیه‌ى تازه له‌لایه‌ن داعشه‌وه ببێته هۆى ئه‌نجامدانى هێرشێكى هاوبه‌شى پێشمه‌رگه و حه‌شدى شه‌عبى بۆ سه‌ر داعش له ناوچه‌ى به‌شیر.
Your browser doesn’t support HTML5