سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی کۆتایی بە سەردانە کورتەکەی بۆ ئێران هێناو گەڕایەوە بەغدا پاش ئەوەی لە تاران لەگەڵ سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی و ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئیدا کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیاندنێکی ئۆفیسی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیری عێراق شیاع سودانی لەگەڵ ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئیدا کۆبووەتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە عێراق هەرچی لە توانایدا بێت ئەنجامی دەدات بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دۆستەوە، ئەوەش لە پێناو هەماهەنگی هەڵوێستەکان و هەنگاونان بۆ دانانی سنوورێک بۆ " دوژمنکارییەکان دژی گەلی فەڵەستینی و تێپەڕبوونی کاروانی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەزە.
سودانی لە ماوەی کۆبوونەوەکەدا باسی لە هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەرامبەر شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس و وتی دەستبەرداری بەرپرسیارێتییەکانی بووە لە ڕاگرتنی دڕندەیی ئیسڕائیل و ڕازی بووە بە ئەنجامدانی " ئاوارەبوونی زۆرەملێ و تاوان و کۆمەڵکوژی و سیاسەتی برسێتیکردن دژی فەڵەستینییەکان."
لەلای خۆیەوە ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی جەختی لە پێویستییەکان کردەوە بۆ درێژەدان بە هەوڵ و تێکۆشانەکان بە مەبەستی ڕاگرتنی " تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنی دژ بە گەلی فەڵەستینی " و داوایکرد دەستبەجێ ڕێوشوێن بگیردرێتەبەر بۆ گەیاندن و تێپەڕبوونی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەزە.
هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی عێراقدا لەم بابەتەدا و وەکو وڵاتێکی سەرەکی ناویبرد بۆ کۆتایی هێنان بەو ڕووداوانەی کە لە غەزە ڕوودەدەن.
سەردانەکەی سودانی بۆ ئێران دوای سەردانەکەی 5ی مانگی یانزەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن دێت بۆ بەغداد کە تێیدا لەگەڵ سودانیدا کۆبووەوە و باسییان لە خراپتربوونی دۆخی غەزە و ئیسڕائیل کرد. لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە، زنجیرەیەک ڕۆکێت و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان شوێنەکانی هێزەکانی ئەمەریکایان لە عێراق کردووەتە ئامانج.
بلینکن دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ سودانیدا وتی " ڕوونم کردەوە کە ئەو هێرش و هەڕەشانەی کە لە میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە دێن بە تەواوەتی جێی پەسەند کردن نین." جێی ئاماژەیە نزیکەی 2,500 سەربازی ئەمەریکایی لە عێراقدا جێگیرکراون و مەشق بە هێزە عێراقییەکان دەکەن لە شەڕییاندا دژ بە ڕێکخراوی داعش.
پاش کۆبونەوەی لەگەڵ خامنەئی و ڕەئیسی، سودانی دەگاتەوە بەغدا
کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیری عێراق محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی و ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی، تاران، ئێران