عێراق بە نیازە لولەیەکی نەوتی پـێشووی بۆ تورکیا بخاتەوە کار

وەزیری نەوتی عێراق داوای لە چەند کۆمپانیایەکی حکومەتەکەی کردووە بە خێرایی کاربکەن بۆ دەسـتپـێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی لولەیەکی نەوتی پـێشووی وڵاتەکەی کە بەرەو بەندەرێکی تورکیا لەسەر دەریای ناوەڕاست دەڕوات.

ماڵپەڕی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند جەبار عەلی ئەللعێبی فەرمانی بە هەریەک لە کۆمپانیای نەوتی باکور و کۆمپانیای پـرۆژەکانی نەوت و کۆمپانیای لولە نەوتیـیەکان کردووە پـلانێکی بە پەلە دابنێن بۆ چاککردنەوەی ئەو لولە نەوتەی بە هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و نەینەوا تێپەڕدەبێت و بیرە نەوتیـیەکانی کەرکوک بە بەندەری جیهانی تورکیاوە دەبەستێتەوە.

جەختی لەوەش کردووەتەوە گرفتە دارایی و ئابوریـیەکان نابنە کۆسپ لە بەردەم پـلانەکەیان و خودی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق بەدواداچوون بۆ کارەکە دەکات.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی دووشەممە وەزیری نەوتی عێراق لە وەزارەتەکەی پـێشوازی لە فاتح یڵدز باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا کرد و باسیان لە فراوانکردنی هاوکاریـیەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد لە بواری کەرتی نەوتدا. باڵیۆزی تورکیا لای خۆیەوە جەختی کردووەتەوە کە حکومەتی وڵاتەکەی بڕیاری داوە تەنها لەگەڵ حکومەتی عێراقدا مامەڵە نەوتیـیەکان ئەنجام بدات.