عێراق پەخشی ئیزگەیەکی تایبەتی بۆ شاری موسڵ دەسـتپـێکردووە

تەلەفیزیۆنی فەرمی عێراق دەڵێت ئەمڕۆ سێشەممە دەسـتکراوە بە پەخشێـکی ڕادیۆیی بۆ یارمەتیدانی دانیشتـوانی موسڵ تاوەکو پارێزراوبن لە میانەی هێرشی لەشکری بۆ ڕزگارکردنی شارەکەیان لە داعش.

ئەرکی سەرەکی ئەم ئیزگەیە ڕێنمایـیکردنی خەڵکی دەبێت کە بە چ ڕێگایەک و چۆن بە سەلامەتی شارەکە چۆڵ بکەن. هەورەها چەند ژمارەیەکی تەلەفون بڵاودەکاتەوە تاوەکو بۆ کاری بە پەلە پەیوەندیـیان پـێوەبکرێت.

ڕادیۆی کۆماری عێراق لە موسڵ، لە شارۆچکەی قەیارەی باشوری شاری موسڵ دامەزرێنراوە کە لەوێ بنکەیەکی ئاسمانی لێـیە و دەکرێتە ناوەندی هێزەکانی هاوپەیمانانی ئەمەریکا ڕێبەرایەتیان دەکات بۆ پشـتیوانیکردنی هێزەکانی عێراق.

بەپـێی فەرماندە لەشکریـیەکانی عێراق، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری وڵاتەکە خوازیارە لە ئەمساڵدا شاری موسڵ ڕزگاربکرێت و ڕەنگە هەر لەم مانگەدا هێرشەکە دەسـتپـێبکات.

لەگەڵ ئامادەکاریـیەکان بۆ هێرشە لەشکریـیەکە، بەرنامە بۆ یارمەتیـیە مرۆیـیەکان دادەنرێت. نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندە دەکات یەک ملیۆن کەس چۆڵ بکەن.

موسڵ شارێـکی گەورەی عێراقە و بەر لە شەڕەکە ژمارەی دانیشتوانی 2 ملیۆن کەس دەبوو.