ئه‌نجومه‌نى سیاسى عه‌ره‌بى له که‌رکوک فۆرمى 1000 "بێسه‌روشوێن"ى ڕاده‌ستى راکان جبورى پارێزگارى که‌رکوک کرد، تا له رێگه‌ى حکومه‌تى عێراقه‌وه به‌دواداچوون بۆ چاره‌نوسیان بکرێت.
رۆژى شه‌مه، که‌سوکارى "بێسه‌روشوێنه‌کراوه‌کان" له نێو بیناى پارێزگاى که‌رکوک کۆبوونه‌وه و په‌نجه‌ى تۆمه‌تیان بۆ ده‌زگا ئه‌منیه‌کانى یه‌کێتى و پارتى درێژکرد.
مه‌حمود زه‌یدان ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سیاسى عه‌ره‌بى له‌که‌رکوک، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى راگه‌یاند"ئازادکردنى بێسه‌روشوێنکراوه‌کان سه‌ره‌تایه‌که بۆ له‌یه‌کترى نزیکبوونه‌وه‌ى پێکهاته‌کان."
ئه‌ندامه‌که‌ى ئه‌نجومه‌نى سیاسى عه‌ره‌بى له‌که‌رکوک، باسیله‌وه‌کرد چه‌ندین دانیشتنیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئه‌منى هه‌رێمى کوردستاندا بۆ ئازادکردنى بێسه‌روشوێنکراوه‌کان ئه‌نجامداوه، وتى"تا ئێستا ژماره‌یه‌ک ده‌ستگیرکراو به سێ قۆناغ ئازاد کراون."
ناوبراو وتى"له قۆناغى یه‌که‌مدا، 8 که‌س و له قۆناغى دووه‌مدا 25 که‌س، له قۆناغى سێیه‌میشدا که هه‌فته‌ى رابردوو بوو، 35 که‌سى تر له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منیه‌کانى هه‌رێمه‌وه ئازادکراون."
ئه‌و 1000 فۆرمه‌ى که له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى سیاسى عه‌ره‌بى و به ئاماده‌بوونى که‌س و کارى "بێسه‌روشوێنکراوه‌کان" ڕاده‌ستى راکان جبورى کرا، بریاره بدرێته حکومه‌تى عێراق تا به‌دواداچوون بۆ چاره‌نوسیان بکات.
ئازاد جه‌بارى سه‌رۆکى لیژنه‌ى ئه‌منى له ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى وت"به‌شێکى زۆر له‌ده‌ستگیرکراوه‌کان داعشن، نه‌ک بێسه‌روشوێنکراو."
ناوبراو، وتیشى"ئه‌گه‌ر ئه‌و داعشانه ئازاد بکرێن، ئه‌وا جارێکى تر که‌رکوک ڕووبه‌ڕووى هێرشى داعش ده‌بێته‌وه."
له‌دواى وه‌رگرتنى فۆرمى "بێسه‌روشوێن"بووه‌کان له که‌س و کاریان، راکان جبورى پارێزگارى که‌رکوک، که‌خۆى له بنه‌ره‌تدا خه‌ڵکى قه‌زاى حه‌ویجه‌ى ڕۆژئاواى که‌رکوکه، له‌کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا وتى"گه‌ر ئاسایشى یه‌کێتى و پارتى 1000 بۆ 2000 که‌سى لێ ده‌ستگیرکردبین، ئه‌وا به‌هۆى له‌خۆ گرتنى داعش، 7000 هه‌زار که‌سمان کوژراون و سه‌ربڕدراون."
Your browser doesn’t support HTML5