داعش لە کەرکوک و سەڵاحەدین تاوەرەکانى کارەبا دەکاتە ئامانج

چەکدارانى داعش بەشێوەى پارتیزانى و مەفرەزەى بچوک بەناوچەکانى رۆژئاواو باشورى کەرکوکدا بڵاو بوونەتەوە، پلانى نوێشیان بە ئامانج کردنى تاوەرەکانى کارەبایە.

ئەحمەد خورشید ئەندامى ئەنجومەنى قەزاى حەویجەى رۆژئاواى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"پلانى داعش تەقاندنەوەى وێستگەکانى کارەبا و لێدانە لە کەرتى خزمەتگوزارى."

وتیشى"داعش دەیەوێت لەم رێگەیەوە گرفت لەنێوان خەڵک و حکومەتدا دروست بکات و دواتر گرفتەکە بقۆزێتەوە."

کاتێک لە زۆربەى ناوچەکانى عێراق لەدژى خراپى کارەباو نەبوونى خزمەتگوزارى خۆپیشاندان ئەنجامدرا، بەڵام لەشارى کەرکوک، بەهۆى هەرەشەى داعش و رێوشوێنى ئەمنى دەزگا ئەمنیەکانەوە، خەڵک بێدەنگى هەڵبژارد.

نەجات حسێن ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"داعش تواناى هێرشى بەربڵاو و گرتنى جێگەى نەماوە، بەڵام ناو بەناو هێرشى پارتیزانى ئەنجام دەدات."

وتیشى"ماوەیەکە وێستگەکانى کارەباى کردۆتە ئامانج، بەتایبەت چەند وێستگەیەکى لەرۆژئاواى کەرکوک بۆمب رێژ کردووە."

ژمارەیەکى زۆر چەکدارى داعش لەناوچەکانى رۆژ ئاواو باشورى کەرکوک بڵاوبونەتەوە، کەژمارەیان بە 600 چەکدار مەزەندە دەکرێت و تائێستا هێزە عێراقیەکان چەندین ئۆپەراسیۆنى لەدژ ئەنجامداون، بەڵام ئۆپەراسیۆنەکان نەبوونەتە هۆى دەرپەڕاندنیان لە ناوچەکە.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر