یەکێتى نیشتیمانى دواى بردنەوەى هەڵبژاردن لە کەرکوک و بەدەستهێنانى 6 کورسى لە کۆى 12 کورسى ئەو پارێزگایە، لە ئێستادا چاوى لە وەرگرتنەوەى پۆستى پارێزگارە لە عەرەبى سونە.
لەدواى 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردوەوە، پۆستى پارێزگارى کەرکوک لەلایەن راکان سەعید جبوریەوە بە وەکالەت بەرێوەدەبرێت، کە ناوبراو عەرەبێکى سونەیە و لەم هەڵبژاردنەدا، دەنگى پێویستى بۆ بوون بە پەرلەمانتارى عێراق بەدەست هێناوە.
رەوەندە مەلا مەحمود جێگرى بەرپرسى مەڵبەندى کەرکوکى یەکێتى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"لەرۆژانى داهاتودا وەکو یەکێتى، کۆبونەوەى نێوخۆیى بۆ وەرگرتنەوەى پۆستى پارێزگارى کەرکوک ئەنجام دەدەین."
چەندین هەوڵى یەکێتى لەرابردوودا بۆ وەرگرتنەوەى پۆستى پارێزگارى کەرکوک شکستى هێناوە، ئەمەش بەهۆى ئامادەنەبوونى عەرەب و تورکمان بۆ کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگا و جێهێشتنى کەرکوک لەلایەن زۆربەى ئەندامە کوردەکانى ئەنجومەنى پارێزگاوە کە سەربە پارتین.
ئیسماعیل حەدیدى سەرۆکى پێشوى ئەنجومەنى سیاسى عەرەبى لەکەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"پۆستى پارێزگار دەبێت لەلایەن ئەنجومەنى پارێزگاوە هەڵبژێردرێتەوە، بەڵام پێناچێت بتوانرێت ئەو ئەنجومەنە بە ئاسانى کۆبکرێتەوە."
وتیشى"بۆیە پێدانەوەى پۆستى پارێزگار بەیەکێتى ئاسان نابێت."
لەکۆى 41 کورسى ئەنجومەنى پارێزگا، لایەنە کوردیەکان خاوەنى 26 کورسى و تورکمان 9 کورسى و عەرەبیش 6 کورسى هەیە، بەڵام لایەنە کوردیەکان ناکۆکن لە نێوخۆیاندا، بۆیە پێدەچێت یەکێتى بیەوێت ئەمجارە لەرێگەى بەغداوە و بەشێوەى دامەزراندن پۆستەکە وەربگرێتەوە.
کامەران کەرکوکى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، ئاماژەى بەوەکرد لە دەرەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک ناتوانرێت پارێزگار دابنرێت، وتى"لەیەک حاڵەتەدا نەبێت ئەویش گەر پۆستى پارێزگار بە تاڵ بوو، سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار پێکەوە دەتوانن یان قایمقام یان کەسێکى تر بە وەکالەت بکەنە پارێزگار."
یەکێتى نیشتیمانى هەرچەندە لەم هەڵبژاردنەدا زۆربەى دەنگەکانى کەرکوکى بەدەست هێنا، بەڵام لەدواى 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردوەوە دەسەڵاتى لەکەرکوک لەدەستداوە، دەیەوێت لەرێگەى وەرگرتنەوەى پۆستى پارێزگارەوە دەسەڵاتەکانى بەدەست بهێنێتەوە.
Your browser doesn’t support HTML5