هێشتاش ناتوانرێت بگوترێت هاوڕاییه‌کی گشتی له عێراقدا هاتۆته ئاراوه له‌سه‌ر داواکان بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له نوری ئه‌لمالیکی سه‌ره‌ک وه‌زیری عێراق.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که له هه‌ردوو کۆبوونه‌وه‌که‌ی هه‌ولێر و نه‌جه‌فیشدا واده بۆ سه‌ره‌ک وه‌زیر دانرا تا کێشه و ئاڵۆزیه‌کانی وڵاته‌که چاره‌سه‌ر بکات ، به‌ڵام وه‌ک زۆرێک له چاودێران ئاماژه‌یان پێکردووه تا ئێستا سه‌رۆکی ئه‌م حکومه‌ته‌ی عێراق کارێکی ئه‌وتۆی نه‌کردووه به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا که بتوانێت لایه‌نه ڕکابه‌ره‌کانی قایل بکات و خۆی دوور بخاته‌وه له مه‌سه‌له‌ی لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه لێی.
دژه‌به‌رانی مالیکی ده‌ڵێن کۆکردنه‌وه‌ی ئیمزاکان بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه به‌رده‌وامه ، له ده‌مێکدا لایه‌نگرانی سه‌ره‌ک وه‌زیری عێراق ده‌ڵێن ناتوانرێت ده‌نگی پێویست بۆ ئه‌و مه‌به‌سته کۆبکرێته‌وه.
سه‌رچاوه‌کانی هه‌واڵ له به‌غداوه ئاماژه‌یان به‌وه‌کردووه که جیاوازی و ناکۆکی له ناو خودی لیستی ئه‌لعێراقیه‌دا هه‌یه واته ڕکابه‌ره سه‌ره‌کیه‌که‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا و ده‌شڵێن ده‌شێت ئه‌م ناکۆکیانه هۆکار بن بۆ به‌ده‌ست نه‌هێنانی ده‌نگی پێویست.
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، جیاوازی له ناو هاوپه‌یمانی کوردستانیشدا هه‌یه بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له مالیکی ، وه‌ک چۆن ناته‌بایی له نێو هاوپه‌یمانی نیشتیمانیش هه‌یه.
ئه‌حمه‌د عه‌بد حه‌مادی، ئه‌ندامی لیستی ئه‌لعێراقیه‌یه له په‌رله‌مان، ده‌ڵێت له‌سه‌ر لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له مالیکی هه‌رگیز دابه‌شبوون له ناو لیسته‌که‌یدا نییه.
ئه‌حمه‌د حه‌مادی ده‌ڵێت به‌ڵگه‌ش بۆ نه‌بوونی جیاوازی له ناو لیستی ئه‌لعێراقیه‌دا ژماره‌ی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی لیسته‌که‌ن که لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌یان له سه‌ره‌ک وه‌زیر مۆرکردووه و وه‌ک ده‌ڵێت ژماره‌یان گه‌یشتۆته 81 ئه‌ندام له‌سه‌رجه‌م 83 ئه‌ندامی ئه‌لعێراقیه، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه بۆ نه‌بوونی جیاوازی و ناکۆکی له ناو لیسته‌که‌دا و میدیاکان بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌ت ئه‌م جۆره مه‌سه‌لانه ده‌وروژێنن. وه ده‌شڵێت نه هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌ڵکو زۆرێک له لایه‌نه‌کانی ناو په‌رله‌مان پشتیوانی له‌و داوایه‌ی عێراقیه ده‌که‌ن وه‌ک ئه‌حرار و هاوپه‌یمانی کوردستانی و گۆڕان و ته‌نانه‌ت ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامیش په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵدا کراوه و ئه‌وانیش ڕای خۆیان هه‌یه.
میدیای عێراقی ڕاگه‌یاندنێکی ئۆفیسی ساڵح موتڵه‌گ جێگره سوننه‌که‌ی سه‌ره‌ک وه‌زیری عێراقی بڵاو کردۆته‌وه و تیایدا ده‌ڵێت موتڵه‌گ نه‌ک هه‌ر له‌گه‌ڵ لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌دا نییه به‌ڵکو به هۆکارێکیشی داده‌نێت بۆ هه‌ڵایسانه‌وه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ.
به‌ڵام ئه‌حمه‌د حه‌مادی ده‌ڵێت هه‌رگیز شتی وانییه.
ده‌ڵێت به دواداچوون له‌سه‌ر ئه‌و ڕاگه‌یاندنه کراوه و ده‌رکه‌وتووه که دروست نییه و ئێستاش وا بۆ چوار پێنج ڕۆژه ساڵح موتڵه‌گ له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌کانی تری عێراقیه و سه‌رکرده‌کانی ئه‌حراردا و سه‌رکرده کورده‌کانیشدا له هه‌ولێرن و خه‌ریکی کۆبوونه‌وه‌ن بۆ تاوتوێکردنی پرۆسه‌ی لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له نوری ئه‌لمالیکی. هه‌ر بۆیه وه‌ک ده‌ڵێت ئه‌و ڕاگه‌یاندنه دروستکراوه.
ئه‌م ئه‌ندامه‌ی لیستی ئه‌لعێراقیه جه‌خت ده‌کاته‌وه له‌وه‌ی لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له مالیکی له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی عێراقدا ده‌بێت و ده‌شڵێت ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانی نیشتیمانی کاندیدێکی تر بۆ پۆستی سه‌ره‌ک وه‌زیر ده‌ستنیشان بکات ئه‌وا ده‌شێت یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ ده‌ربازکردنی وڵاته‌که له‌و کێشه و ئاڵۆزیانه‌ی به‌رۆکی گرتووه.
لیستی عێراقیه‌ی سپی یه‌کێکه له‌و لیستانه‌ی داکۆکی له مانه‌وه‌ی نوری ئه‌لمالیکی ده‌کات له پۆسته‌که‌یدا و جه‌مال بطیخ سه‌رۆکی لیسته‌که به به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مریکای گوت مالیکی به ده‌نگدانی هه‌موو لایه‌نه‌کان ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرتووه و هۆکاره‌کانیش بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له مالیکی زۆر لاوازن.
جه‌مال بطیخ ، که وه‌زیری کاروباری عهشایهریشه له حکومه‌تی عێراق ده‌ڵێت لیستی عێراقیه‌ی سپی قه‌ناعه‌تی نییه به‌و هۆکارانه‌ی خراونه‌ته ڕوو بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له مالیکی چونکه هیچیان هۆکار نین له‌سه‌ر بنچینه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی نیشتیمانی داڕێژرابن ، به‌ڵکو هه‌ر هه‌مووی له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌ن و لایه‌نکاری و که‌سێتین، وه ده‌شڵێت نابێت ئه‌و ڕاستیه له بیر بکرێت که سه‌ره‌ک وه‌زیر به‌نده به پره‌نسیپی دابه‌شکردنی پۆسته‌کانه‌وه و ئه‌وانه‌ش که ئێستا له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هاوبه‌شی مالیکین و داوای لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه ده‌که‌ن هه‌ر خۆیان ته‌گه‌ره‌ن له به‌رده‌م پڕۆژه‌کانی بوژاندنه‌وه‌ی وڵاته‌که تا شکست به مالیکی و به حکومه‌ته‌که‌ی بێنن.
جه‌مال بطیخ ده‌شڵێت ئه‌گه‌ر له په‌رله‌ماندا بڕیار درا و لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌که په‌سه‌ند کرا ئه‌وا لیسته‌که‌ی وابه‌سته‌ی ڕای زۆرینه‌ی په‌رله‌مان ده‌بێت.
ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ڕکابه‌ره‌کانی مالیکی توانییان ده‌نگی پێویست کۆبکه‌نه‌وه له په‌رله‌ماندا و توانرا ڕێژه‌ی پێویستی یاسایی بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه بێننه ئاراوه ، ئه‌وا له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌که ڕێز له‌و بڕیاره‌ی په‌رله‌مان بگرێت چونکه هه‌نگاوه‌که له‌و چوارچێوه دیموکراسیهدایه که له پاش ساڵی 2003 وه له عێراقدا هاتۆته ئاراوه، هه‌رچه‌نده ئامانجه‌کانی ئه‌م هه‌نگاوه‌ش له‌سه‌ر بنچینه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی نیشتیمانی نییه.
وه‌زیری کاروباری عه‌شایه‌ری ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر هه‌نگاویکی له‌و بابه‌ته‌ش نرا ئه‌وا ده‌شێت کاردانه‌وه هه‌بێت به‌ڵام ناگاته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی شه‌ڕ له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان دروستبێت.
جه‌مال بطیخ ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ڕکابه‌ره‌کانی مالیکی سه‌رکه‌وتنیان به‌ده‌ستهێنا له لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌که‌دا ئه‌وا کاردانه‌وه ڕووده‌دات که دڵخۆشکه‌ر نابن و ته‌نیا وڵاتیانی عێراقی باجه‌که‌ی ده‌ده‌ن و هه‌ر بۆیه پێویسته ئه‌و جۆره کێشه نه‌خوازراوانه دووربخرێنه‌وه و هه‌روه‌هاش ڕکابه‌ره‌کانی مالیکی کار بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو بکه‌ن و بتوانن زۆرینه‌ی ڕه‌ها بۆ خۆیان به‌ده‌ست بێنن ، وه ئه‌گه‌ر ڕاست و ڕه‌وان ده‌یانه‌وێت عێراق له‌م قه‌یرانه سیاسیه ده‌ربهێنن ئه‌وا وه‌ک سه‌رۆکی لیستی عێراقیه‌ی سپی ده‌ڵێت ته‌نها ڕێگه‌یه‌ک بۆ چاره‌سه‌رکردنی گرفت و ناکۆکیه‌کانی عێراق، کۆنگره نییشتیمانیهکهیه و له‌سه‌ر مێزی ئه‌و کۆنگره‌یه هه‌موو لایه‌نه‌کان ڕاشکاوانه قسه‌ی خۆیان بکه‌ن و واز له‌م مه‌سه‌له‌ی لێسه‌ندنه‌وه‌یه‌ی متمانه بێنن چونکه ناتوانرێت ڕێژه‌ی یاسایی به‌ده‌ست بهێنرێت.
له‌سه‌ر بنچینه‌ی وتووێژه‌کانی له‌گه‌ڵ جه‌مال بطیخ و ئه‌حمه‌د عه‌بد حه‌مادی ، به‌ڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئاماده‌کردووه.
ده‌توانن له ڕێی کلیککردنی ئه‌و فایله ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته چه‌پ گوێبیستی ته‌واوی ڕاپۆرته‌که بن که ماوه‌که‌ی 6:53 خوله‌که.