فەرماندەیەکی لەشکری عێراق دەڵێت ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان دەسـتپـێکردووە لە ناوچە بیابانیـیەکانی باشوری وڵاتەکەیان لە دژی شانە نووستووەکانی داعش.
جەنەڕاڵ عەلی ئیبراهیم فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕافیدەین ئەمڕۆ سێشەممە لە وتووێژێکیدا لەگەڵ ڕادیۆ سەوا گوتی ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجام دەدرێت لە پارێزگاکانی نەجەف و موسەننا و زی قار هەتا دەگاتە بەسرە.
گوتیشی ئۆپەراسیۆنەکە بۆ ماوەی 3 ڕۆژ بەردەوام دەبێت و ئامانج لێی ڕاوەدونانی ئەو ئەندامانانەی داعشە کە لە پارێزگای ئەنبارەوە بەرەو ئەو ناوچانە هەڵهاتوون وە هەروەها بۆ ڕێگەگرتنە لەوەی داعش شوێن پـێـیەک بۆ خۆی لە بیابانی باشوری وڵاتەکە دروستبکات.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد فڕۆکەوانی لەشکر (هەلیکۆپتەر) لەسەر بنەمای زانیاری وردی هەواڵگری هێرشی کردووەتە سەر ژمارەیەک ئامانج.
جێی ئاماژەیە لە 9 ی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو عێراق ڕایگەیاند کۆتایی بە شەڕی داعش لە وڵاتەکە ڕاگەیاند، ئەمەش پاش ئەوەی تەواوی شار و شارۆچکەکانی وڵاتەکەی کۆنترۆڵکردەوە.