وتەبێژى میحوەرى باکورى عێراقى حەشدى شەعبى دەڵێت، هێزەکانیان بەشێک نابن لە ململانێى نێوان ئێران و ئەمەریکا، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە عێراق ڕازى نابێت وڵاتەکەى بکرێتە گۆڕەپانى ململانێ.
عەلى حسەینى وتەبێژى حەشدى شەعبى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئێمە ئێرانى نین تا بەرگرى لە دەوڵەتێکى تر بکەین، ئێمە بەشێکین لە سستمى سەربازى عێراق و لە ژێر فەرماندەیى سەرۆک وەزیرانداین."
وتیشى"گەر ئێمە نزیکى ئێران بین لەبەر مەزهەب و شەڕى بۆ بکەین، کەواتە پێشمەرگەش نزیکى ئەمەریکایە، بۆیە مەسەلەى پەیوەندى دۆستایەتى جیاوازە لە فەرمان و رەسمیات."
بەبڕواى عەلى حسێنى، عێراق نابێتە بەشێک لە ململانێى نێوان ئەمەریکاو ئێران، وتى"وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا هاتە بەغدا، دەرکەوت عێراق شەڕى ئابورى لەدژى ئێران و بۆ بەرژەوەندى ئەمەریکا ناکات."
سەبارەت بەهەبوونى پەیوەندى فەرمى لەنێوان ئێران و بەشێک لە هێزەکانى حەشدى شەعبى، وتەبێژەکەى حەشد رەتیکردەوە هیچ هێز و فەسیلەیەکى سەربە حەشدى شەعبى لە ژێر فەرمانى ئێرانیەکاندا بێت، وتى"هەر بڕیارێک لە ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقەوە دەربچێت، ئێمە پابەند دەبین پێوەى."
لەکۆتایى قسەکانیدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، عەلى حسێنى پێیوابوو ئەگەرى پێکدادانى سەربازى لە نێوان ئەمەریکا و ئێران لە ئارادا نیە، ئەو دەرهاویشتانەى کە ڕوویانداوە وەکو خراپبوونى دۆخى ئابورى ئێران و هەڕەشەکردن لەیەکترى تەنها دەرئەنجامى شەڕى دەروونیە.
Your browser doesn’t support HTML5