خۆپیشاندەران ڕۆژی هەینی لەسەر خاڵی سنووری نێوان عێراق و ئوردن گردبوونەوە و هاودەنگی خۆیان بۆ فەڵەستینییەکانی کەرتی غەزە دەربڕی و داوای کۆتایی هێنانییان کرد بە گەمارۆکەی ئیسڕائیل، هاوکات لە پایتەختی ئیندۆنیسیاش خۆپیشاندەران لە چەندین مزگەوتەوە ڕێپێوانییان کرد بەرەو باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە جاکارتا و سەرکۆنەی پشتیوانی ئەمەریکایان کرد بۆ ئیسڕائیل و داوای کۆتایی هێنانییان کرد بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل.
خۆپیشاندانی هاوشێوەش لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا لە جاکارتا بەڕێوەچوو، کە چەند کیلۆمەترێکی کەم لە باڵیۆزخانەکەوە دوورە. بەرپرسانی وڵاتەکە وتیان نزیکەی 1000 کەس بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکانی جاکارتادا کردووە، ئەوەش دوای نویژی هەینی لە وڵاتێکدا کە زۆرترین دانیشتووی موسوڵمانی تێدایە لە جیهاندا.
لە 7 ی مانگی 10 دا گروپی چەکداری حەماسی فەڵەستینییەکان هێرشێکی کوشندەی کردە سەر باشووری ئیسڕائیل، ئیسڕائیلیش لە وەڵامدا جەنگی دژی حەماس هەڵگیرساند و لەو کاتەوە بەردەوام بۆردومانی کەرتی غەزە دەکات، کە حەماس بەڕێوەی دەبات. هەروەها بە تەواوەتی گەمارۆی بەسەر غەزەدا سەپاندووە.
دوای دوو هەفتە لە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل، ئەو جۆرە خۆپیشاندانانە بەردەوامن لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی زەمینی بۆ ناو غەزە.
وەزارەتی تەندروستی غەزە دەڵێت زیاتر لە 4000 کەس کوژراون و زیاتر لە 13,000 کەسی دیکە لە غەزە بریندار بوون. زۆربەیان ژن و منداڵ و گەورەکانن. بەرپرسان دەڵێن باوەڕوایە زیاتر لە 1000 کەسی دیکەش لە ژێر داروپەردبووی بیناکاندا گیانییان لە دەستدابێت و نێژرابن.
بەهۆی هێرشەکەی حەماسەوە زیاتر لە 1400 کەس لە ئیسڕائیل کوژراون کە زۆربەیان هاووڵاتیانی سڤیل بوون. نزیکەی 200 کەسی دیکەش ڕفێندراون. سوپای ئیسڕائیل ڕۆژی پێنجشەممە وتی خێزانی 203 بارمتەی ئاگادار کردووەتەوە.
سەدان خۆپیشاندەری عێراقی لە خاڵی سنووری تریبیلی ڕۆژئاوا لە نزیک ئوردن گردبوونەوە و خۆپیشاندانەکە لەلایەن هاوپەیمانێتی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە ڕێکخرابوو کە هاوپەیمانێتییەکی سەر بە گروپە سیاسیی و میلیشیاکانی شیعەکانە لە عێراقدا.
هاوپەیمانێتییەکەی سەر بە ئێران داوای خۆپیشاندانی کرد لە بەغداددا، لە نزیک دەروازەی زۆنی نێودەوڵەتی، کە باڵیۆزخانەی ئەمەریکای تێدایە، ئەوەش بە مەبەستی سەرکۆنەکردنی پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ ئیسڕائیل لە جەنگەکەدا دژی حەماس.
هاوکات کەسایەتی شیعەکان موقتەدا سەدر کە ڕکابەری ئەو هاوپەیمانێتییەیە و کاریگەرییەکی زۆری لە وڵاتەکەدا هەیە، ڕۆژی پێنجشەممە داوای لە وڵاتانی عەرەبی نزیک ئیسڕائیلی کرد، بە تایبەتی لوبنان و سوریا و میسڕ و ئوردن، لەسەر سنوورەکانییان خۆپیشاندانی ئاشتییانە ئەنجام بدەن.
لەم چەند ڕۆژەی دواییدا میلیشیاکانی سەر بە ئێران بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکایان لە عێراق کردە ئامانج. ئێران هۆشداریداوە لەسەر ئەوەی هێرشی زەمینی ئیسڕائیل بۆ سەر غەزە ڕەنگە ببێتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان و ئەگەری ڕوودانی جەنگ لە ناوچەکەدا.
هاوکات لە سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور دەیان خۆپیشاندەر ئاڵای فەڵەستینییەکانییان بەرزکردەوە و دروشمی دژ بە ئیسڕائیلییان دەگوتەوە.
خۆپیشاندەران هاوارییان دەکرد " فەڵەستینییەکان ئازاد بکەن، ئازادییان بکەن." هەروەها دەیانوت " لە پاڵ غەزەدا دەوەستین و کۆمەڵکوژییەکانی ئیسڕائیل ڕابگرن."
خوێندکارێکی میسڕی لە کۆریای باشوور، ئیلشافی محەمەد، وتی " تکایە گرنگی بە ژیانی مرۆڤ بدەن، ئەگەر دەمانەوێت بەڕاستی یارمەتی بدەین، دەبێت دەستبەجێ یارمەتی مرۆیی بگەیەنینە غەزە."
سەرچاوە/ AP